ئەکسیۆسی ئەمریکی: کۆتایی شەڕی غەززە نزیکە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە هەیە.

دوێنێ یەکشەممە، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەبارەی پلانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، گفتوگۆیان کرد.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە، دوای دانوستانەکانی نێوان ویتکۆف و نەتەنیاهۆ، هەردوولا زۆر نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پلانەکەی ترەمپ، بەڵام رەزامەندیی حەماسیش بۆ ئەم بابەتە پێویستە.

هەتا ئێستا بە فەرمی وردەکارییەکانی پلانەکە روون نەکراونەتەوە، بەڵام بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، پلانەکە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:

1- رادەستکردنی دیلەکان لە هەردوولاوە و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی فەڵەستینی بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردنی غەززە بە شێوەی راگوزەر.

2- دوورخستنەوەی سەرکردەکانی حەماس لە غەززە، کە ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە بەم هەنگاوە رازی ببێت، بەبێ هیچ زیانێک لە غەززە دەچێتە دەرەوە.

3- دەستبەجێ چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە و کۆتاییهێنان بە جەنگ.

ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، کە بە کەناڵی ABC News وت: "گەشبینم بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە، پێدەچێت هەلێک بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، ئێمەش کارێکی زۆر باش دەکەین."


AM:09:10:29/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 1072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت