سزای زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵو پەسەند کرا


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەی یەکەمی سزاکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئیستەنبووڵ سزای زیندانیکردنەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی بە "تاوان"ی سوکایەتیکردن بە ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردن بە یاسایی زانی. بەمەش وێڕای زیندانیکردن، قەدەخەی سیاسەتکردن و خۆکاندیدکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت. 
 
فەرمانگەکە پێداچوونەوەی بەو بڕیارەی حەوتەمین دادگەی سزاکانی ئەنادۆڵدا کرد کە لە ساڵی 2022 بە تاوانی سوکایەتیکردنی ئاشکرا بە فەرمانبەرانی گشتی کە وەک دەستە کاردەکەن" سزای 2 ساڵ و 7 مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردنی بەسەر ئیمامئۆغڵودا سەپاندبوو.
 
دادگای تێهەڵچوونەوە رایگەیاند، جگە لە هەڵەیەکی بچووک، هیچ پێشێلکارییەکی دیکەی یاسایی لە بڕیارەکەدا نییە و بۆیە بڕیارەکەی پەسەند کرد.
 
لە بڕیارەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 53/1ی یاسای سزادانی تورکیا کراوەتەوە، کە تایبەتە بە بێبەشکردنی تاوانبار لە هەندێک ماف وەک مافی هەڵبژاردن و خۆکاندیدکردن.
 
هەروەها دادگای تێهەڵچوونەوە، تانەی پارێزەرانی ئیمامئۆغڵوی رەتکردەوە و دۆسیەکەی رەوانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد کە بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە دەدات.
  
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنادۆڵ ئیمامئۆغڵو بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە ئاشکرا سووکایەتی بە سەعدی گوڤەن، سەرۆکی ئەو کاتی دەستەی باڵای هەڵبژاردن و 10 ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی کۆمسیاران کردووە و داوای سزای زیندانیکردن لە ساڵێک و 3 مانگ و 15 رۆژەوە تاوەکو 4 ساڵ و 1 مانگ بۆ کرابوو.
 
پارێزەرانی ئیمامئۆغڵو تانەی لە بڕیارەکە داوە و رەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی کردووە. بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەدرێت.
 
ئەگەر ئەنجومەنەکە بڕیارەکە پەسەند بکات، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە 2 ساڵ و 7 مانگ و 15 رۆژ زیندانی دەکرێ و قەدەخەی سیاسەتکردن و خۆکاندیدکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.


PM:10:43:19/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو