ئەردۆغان بۆ نەتەنیاهۆ: بەردێکی بچووکی قودسی شەریفتان پێ نادەین نەک تاشەبەردە داواکراوەکەی لە ئیستەنبووڵە
وێستگەنیوز_
ئەردۆغان وەڵامی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت، نەوەک تاشەبەردە داواکراوەکە، بەڵکو "بەردێکی بچووکی قودسی شەریفتان پێنادەین."
ئەمڕۆ هەینی 19ی 9ـی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پێنجەمین فێستیڤاڵی فڕۆکەوانی، بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیا لە ئیستەنبووڵ قسەی کرد و رایگەیاند، "لەپشت قسە پڕوپووچەکانی چەند رۆژی رابردووی بازرگانانی خوێنەوە سەبارەت بە ئێمە و قودس، ئەو راستییە هەیە کە خۆیان دەیزانن. تورکیا بەم هێزە رۆژ لەدوای رۆژ زیادبووەی، هیوا بە ستەملێکراوان دەبەخشێ و ترس دەخاتە دڵی ستەمکاران. لە دوو رۆژی رابردوودا یەکێکیان دەرکەوت (مەبەستی نەتەنیاهۆ)، لەبەرئەوەی تاشەبەردی نووسراوی سلوانمان پێنەدابوو کە ئەمانەتی باوباپیرانمانە، رق و کینەی خۆی بەسەردا رشتین."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کەسە بە دەربڕینی دەستەواژەی نابەجێ سەبارەت بە یەکەم قیبلەمان کە قودسی شەریفە، دەیەوێ شتێک بکات. بێگومان ئێمە دەزانین هەوڵی چی دەدەن. بەو تاوانبارانە دەڵێم کە خوێنی 65 هەزار ستەملێکراوی غەززەیان لە ئەستۆدایە، قودس شکۆی هەموو مرۆڤایەتی و موسوڵمانانە."
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە، بەرگریکردن لە قودس - ئورشەلیم بەرگریکردنە لە ئاشتی و بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی، "هەر هێرشێک بۆ سەر قودس، رووبەڕووی ئەو گیانفیدایانە دەبێتەوە کە عاشقی ئەو خاکە پیرۆزە و ئەو شارە ستایشکراوەن. دەرکەوتووە (نەتانیاهوو) بێ شەرمانە بەدوای تاشەبەردی نووسراودا دەگەڕێت و دەڵێم، نەوەک هەر ئەو تاشەبەردە، بەڵکو یەک بەردی بچووکی قودسی شەریفتان پێنادەین. ئایا سوڵتان عەبدولحەمید پێیدان؟ توانیتان بیبەن؟ ئێمە نەوەی سوڵتان عەبدولحەمیدەکانین و لەسەر هەمان رێگە دەڕۆین. تاوەکو ئەم گیانە لەم جەستەیەدا بێت، پشتیوان بە خودا، خاوەندارێتی لە ئەمانەتی باوباپیرانمان دەکەین و هەرگیز دەست لە قودس هەڵناگرین."
وتیشی: "تاوەکو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی فەلەستین بە پایتەختی قودسی رۆژهەڵات لە چوارچێوەی سنوورەکانی 1967دا تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت. وەک چۆن لە مێژوودا بووە، ئارامیی هەمیشەیی سبەی دێتە ئەو شارە پیرۆزەی کە لە شەقامەکانیدا شیر و هەنگوین دەڕژێت."
ئەم قسانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت، رۆژی 16ی ئەیلوول، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گەشتێکیدا بۆ تونێلێکی نزیک مزگەوتی ئەقسا، بە ئامادەبوونی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گرت و هۆکاری ئەوەش بۆ رووداوێکی ساڵی 1998 گەڕایەوە بەهۆی رادەستنەکردنی پاشماوەیەکی مێژوویی بە ئیسرائیل لەلایەن تورکیاوە.
نەتەنیاهۆ رایگەیاند، لە ساڵی 1998دا هەوڵی داوە "نووسراوی سەر تاشەبەردی سیلوان"ی مێژوویی بەدەست بهێنێت کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا لە قودس - ئۆرشەلیم دۆزراوەتەوە و ئێستا لە مۆزەخانەی شوێنەوارەکانی ئیستەنبووڵ پارێزراوە. بەگوێرەی نەتەنیاهوو، ئەو تاشەبەردە بایەخێکی مێژوویی گەورەی بۆ جووەکان هەیە.
ئاشکراشی کرد، لە ساڵی 1998دا پەیوەندی بە مەسعود یڵماز، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیاوە کردووە و پێشنیاری ئاڵوگۆڕکردنی نووسراوی تاشەبەردی سیلوان لەگەڵ هەر پارچە شوێنەوارێکی عوسمانی کردووە کە لە قودس- ئورشەلیم هەبێت. نەتەنیاهوو دەڵێت، "پێم وت: هەزاران پارچە شوێنەواری عوسمانی لە مۆزەخانەکانماندا هەن. هەر دانەیەکت پێ خۆشە هەڵیبژێرە، با بیگۆڕینەوە بە نووسراوی تاشەبەردی سیلوان، بەڵام رەتیکردەوە."
ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک پرسیاری هۆکاری رەتکردنەوەکەی کردووە، یڵماز لە وەڵامدا گوتوویەتی کە "بناخەیەکی جەماوەری گەورە هەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەوکاتی ئیستەنبووڵ سەرۆکایەتی دەکات. ئەم بناخەیە زۆر تووڕە دەبێت ئەگەر تاشە بەردەکە رادەستی ئیسرائیل بکرێت."
لەکۆتایی وتارەکەیدا، نەتەنیاهۆ وتی، "بەڕێز ئەردۆغان، ئورشەلیم (قودس) شاری ئێمەیە، نەوەک شاری تۆ؛ هەمیشە شاری ئێمە دەمێنێتەوە؛ جارێکی دیکە دابەش ناکرێتەوە."
PM:09:30:19/09/2025
ئهم بابهته 852
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت