ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە بڕیارێكی لەبارەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران رەتكردەوە


وێستگەنیوز_

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دا لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر ئێران درێژنەکرێتەوە. بەمەش ئەگەر رێککەوتنێک نەکرێت، لە 28ی ئەم مانگەوە سزای تووندی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە، کە ئەوە گورزێکی گەورەی ئابوورییە بۆ تاران.
  
تەنیا رووسیا، چین، جەزائیر و پاکستان لە بەرژەوەندیی درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی سزاکان دەنگیان دا. 9 ئەندامی دیکە، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە نەخێر دەنگیاندا.
 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی لەسەر پڕۆژە بڕیارێکدا کە داوای دەکرد ماوەی هەڵگرتنی سزاكان درێژ بکرێتەوە، بەڵام پڕۆژە بڕیارەکە تەنیا چوار دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا، لە بەرامبەر نۆ دەنگی نەخێر. 
 
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، تارانیان بە پێشێلکردنی بەڵێنە ئەتۆمییەکانی تۆمەتبارکرد، لەوانەش زیادکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئاست بەرز کە گومانی لێ دەکەن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاری بێنێت. 
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند، پێشنیازێکی "دادپەروەرانە و هاوسەنگ"ـی پێشکەشی زلهێزە ئەوروپیەکان کردووە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاكان.
 
باربارا ودوارد، نوێنەری بەریتانیا دوای ئەوەی دەنگی دژی پڕۆژە بڕیارەکە دا، گوتی: "داوا لە ئێران دەکەین ئێستا هەنگاو بنێت، دەرگامان لە بەردەم دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە و لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەی داهاتوودا دەرفەت بە ئێران دەدەین دانوستاندن بکات، کاتێک سەرکردەی وڵاتان لە نیویۆرک کۆدەبنەوە."
 
پێش دەنگدانەکە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی مانگ سزا نێودەوڵەتییەکان بگەڕێندرێنەوە. بەڵام نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی وتی، بژاردەی چارەسەری لە رێگەی دانوستاندنەوە هێشتا لەسەر مێزە.


PM:07:23:19/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو