باخچەلی: هەسەدە پابەندی رێککەوتن نەبێت؛ دەستوەردانی سەربازیی هاوبەشی ئەنقەرە و دیمەشق روودەدات


وێستگەنیوز_

سەرۆکی مەهەپە لە پەیامێکی نوێدا، هۆشداری توند بە هەسەدە دەدات و دەڵێت، ئەگەر هەسەدە رێککەوتنەکەی لەگەڵ دیمەشق جێبەجێنەکات، وڵاتەکەی و سووریا ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشیان لە دژ ئەنجام دەدەن.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە پەیامێکیدا رایگەیاند، "پێویستە هەسەدە بە تەواویی پابەندی رێککەوتنی 10ی ئازار بێت لەگەڵ دیمەشق، ئەگەرنا پێویستە هەمووان بزانن، کە دەستوەردانی سەربازیی هاوبەشی ئەنقەرە و دیمەشق، روودەدات."

دووپاتیشی دەکاتەوە کە، پابەندیی هەسەدە بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک و پرۆسەکەدایە.

بە وتەی سەرۆکی گشتی مەهەپە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە "تیرۆریست"ـە و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەوەی دەردەکەوێت هەسەدە لە بازنەی ئیسرائیلدایە و قسەکانی عەبدیش، کە وتوویەتی دەکرێت ئاگربەست کۆتایی بێت، نیازی ناپاکییە ئەو تیرۆریستە."

دەشڵێت: سووریا لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یان سەقامگیریی و ئاشتی، یان دابەشبوون و شەڕی ناوخۆ لەسەر دەستی ئیسرائیل.

باس لەوەش دەکات، هاوبەشیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سووریا، زەمینەی شەڕێکی خوێناوی ناوخۆ و جیاکاریی دادەنێت. هێرشەکانی ئیسرائیل یەکێتیی خاکی سووریای کردووەتە ئامانج و هەنگاوێکی قورسە بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەیەکی بێ تیرۆر."

هەروەها رەخنەی لە پەکەکە گرتووە و باسی لەوەکردووە، کۆنگرەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان و چەک سوتاندنەکەیان، گەشبینییەکانی زیادکردن، بەڵام لەو رۆژەوە وەستان و خاوبوونەوە، یاریکردن بە کات و بەلاڕێدابردن دەبینرێت کە فریودانە.

باخچەلی ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەدنیکردن، یان پەیوەندینەکردنی ئەندامانی پەکەکە بە هەسەدەوە، ناڕوونییەکە لەبەردەمماندایە، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە بانگەوازەکەی ئۆجەلان هەموو لق و درێژکراوەکانی پەکەکە دەگرێتەوە و هەسەدە لەو بانگەوازە بەدەر نییە، بەم نزیکانە بە باشی رووندەبێتەوە، درێژکراوەکانی پەکەکە دڵسۆز و پابەند دەبن بە رێبەرەکەیان یان نا."


AM:11:12:03/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو