نوێنەری ترەمپ: چەک دانانی حیزبوڵڵا لە بەرژەوەندی شیعەکاندایە
وێستگەنیوز_ ئەلعەرەبییە
تۆم باراک، نوێنەری ترەمپ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان رایگەیاند، داماڵینی چەک بڕیارێکە تایبەتە بەدەوڵەتی لوبنان و "نەهێشتنی چەک بە دەستی حیزبوڵڵاوە لە بەرژەوەندی شیعەکاندایە".
تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، دۆسیەی چەکدانانی حیزبوڵڵای تاوتوێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پلانە "لە بەرژەوەندیی شیعەکاندایە".
پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێف عەون، بە ئامادەبوونی مۆرگان ئۆرتاگۆس، نێردراوی ئەمریکا و لیزا جۆنسن باڵیۆزی ئەمریکا، تۆم باراک لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "چەککردن بڕیارێکی تایبەت بە دەوڵەتی لوبنانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هیچ زۆرییەک لەم دۆسیەیەدا ناکات و هاوکاری بۆ هەموو لایەن جیاوازەکان هەیە، "لە سەرەتادا لوبنان هەنگاوی جددی نا بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی داماڵینی حیزبوڵڵا لە چەکەکانیان، ئێستاش کاتی ئەوەیە ئیسرائیل بە هاوتەریبی، هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان بنێت".
نوێنەری ترەمپ باسی لەوەشکرد، حیزبوڵڵا لەبەردەم چەندین بژاردەدایە کە دەبێت بیریان لێبکاتەوە، ناتوانێت شتێک وەربگرێت بەبێ ئەوەی لە بەرامبەردا شتێک نەبەخشێت.
نێردراوەکەی ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی هیچ پێشنیازێکی نەداوەتە ئیسرائیل سەبارەت بە چەککردنی حزبوڵا، روونیکردەوە کە بڕیارە لوبنانییەکە پێویستی بە هاوکاریی ئیسرائیلە و وتی: "حکومەتی لوبنان هەنگاوی یەکەمی ناوە، ئێستا لەسەر ئیسرائیلە هەنگاوی بەرانبەر بنێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "ئێران هاوبەشە لە پرسی چەککردنی حزبوڵادا" و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی هیچ رێککەوتنێکی نوێ لە لوبنان نادات، بەڵکو تەنها کار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی ئێستا دەکات و مامەڵەکردن لەگەڵ حزبوڵا بابەتێکی ناوخۆیی لوبنانییە و رۆڵی ئەمریکا تەنیا رێنماییکردن بووە و هیچی تر.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە حیزبوڵڵا زمانی هەڕەشەئامێز بەکاردەهێنێت و دەڵێت: "ئەگەر حکومەت بڕیارەکەی بۆ داماڵینی چەک لە حیزبەکە جێبەجێ بکات و چەکەکانمان زیانیان پێبگات، ئاگری شەڕی ناوخۆ و تائیفی هەموو لوبنان دەسوتێنێت."
PM:12:23:18/08/2025
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت