شاندێكی ئه‌وروپی یاوه‌ری زیلینسكی ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تره‌مپ
وێستگه‌نیوز-
له ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی "كۆبوونه‌وه كاره‌ساتباره‌كه"، شاندێكی ئه‌وروپی یاوه‌ری سه‌رۆكی ئۆكرانیا ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی هه‌ینی رابردووی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا روسییه‌كه‌ی، نیگه‌رانییه‌كی به‌رفراوانی ناوه‌نده‌كانی ئه‌وروپای لێكه‌وته‌وه و مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێیدا تره‌مپ هه‌مان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا نه‌كات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه وته‌بێژی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند كه فریدریش مێرتس راوێژكاری ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ زیلینسكی ده‌چێته لوتكه‌كه.
روونیشیكرده‌وه كه ئامانجی ئه‌م لوتكه‌یه ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا روسییه‌كه‌ی له ئالاسكا.
هاوكات هه‌ریه‌ك له ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، ئه‌لێكسانده‌ر ستوب سه‌رۆكی فینله‌ندا و مارك روته سكرتێری گشتی ناتۆ جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه رۆژی دووشه‌ممه له واشنتۆن ئاماده ده‌بن.
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا پێشتر رایگه‌یاندبوو كه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی ئه‌وروپا به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی تره‌مپ و زیلینسكی ده‌كات كه سبه‌ینێ له واشنتۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام ئاشكرای نه‌كرد كام سه‌ركرده‌ی ئه‌وروپا.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی پێگه‌ی "پۆله‌تیكۆ" دیپلۆماتكارانی ئه‌وروپی رایانگه‌یاندووه كه ئه‌وروپییه‌كان كارده‌كه‌ن بۆ ناردنی كه‌سایه‌تییه‌كی نزیك له تره‌مپ ئه‌ویش ئه‌لێكسانده‌ر ستوب سه‌رۆكی فینله‌ندایه بۆ ئه‌وه‌ی یاوه‌ری زیلینسكی بكات له سه‌ردانه‌كه‌یدا. ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و دووركه‌وتنه‌وه له هه‌ر ناكۆكییه‌كی توند و ڕازیكردنی تره‌مپ بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ر گفتوگۆیه‌كی داهاتوودا ئه‌وروپا به‌شدار بێت.
به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه، دیداره‌كه‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ پوتین له ئالاسكا نه‌یتوانی هیچ پێشكه‌وتنێكی به‌رجه‌سته به‌ده‌ستبهێنێت، به‌مه‌ش رێگه‌ی هه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌یه‌ك روون نه‌بووه‌ته‌وه.
تره‌مپ رایگه‌یاند كه له‌گه‌ڵ زیلینسكی له واشنتۆن كۆده‌بێته‌وه، پێش ئه‌وه‌ی داوای كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی نێوان سه‌رۆكه‌كانی روسیا و ئۆكرانیا بكات، به‌ڵام تا ئێستا پوتین بیرۆكه‌ی دانیشتنی له‌گه‌ڵ زیلینسكی ڕه‌تكردۆته‌وه و هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ گۆڕینی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ده‌رنه‌بڕیوه.
وه‌ك له راپۆرته‌كه‌ی "پۆله‌تیكۆ"دا هاتووه، ئه‌وروپییه‌كان لوتكه‌ی رۆژی دووشه‌ممه به تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌زانن، ترسیان هه‌یه تره‌مپ مل بۆ داواكارییه‌كانی پوتین بدات كه دیارترینیان ده‌ستبه‌رداربوونی خاكی ئۆكرانیایه كه ئێستا به‌شێكی له‌ژێر ده‌ستی مۆسكۆدایه.
هاوكات هاوپه‌یمانه‌كانی كیێڤ ترسیان هه‌یه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی دیداره كاره‌ساتباره‌كه‌ی نێوان تره‌مپ و زیلینسكی له كۆشكی سپی له مانگی شوباتدا، كه بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان تێكدا.
سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ری زۆره مارك روته سكرتێری گشتی ناتۆ به له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندییه نزیكه‌كانی له‌گه‌ڵ تره‌مپ، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی واشنتۆن بكات.
PM:10:40:17/08/2025
ئه‌م بابه‌ته 528
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت