ئەحمەد شەرع: یەکپارچەیی خاکی سووریا و کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە دوو هێڵی سوورن


وێستگەنیوز_

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا، لە وتارێکدا بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئیدلب، نەخشەڕێگای قۆناخی داهاتووی سووریای خستەڕوو و رایگەیاند، قۆناخی شۆڕش کۆتاییهاتووە و دەبێت بە "عەقڵییەتی دەوڵەت" کاربکەن. 

ئەحمەد شەرع لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای کەسایەتی و ریشسپییەکانی پارێزگای ئیدلب، تیشکی خستە سەر ئەزموونی حوکمڕانی لە ئیدلب لە ساڵانی رابردوودا و بە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی سووریای داهاتووی لەقەڵەمدا. 

شەرع جەختی لەوە کردەوە لێکتێگەیشتن لەنێوان دەسەڵات و گەلدا کلیلی سەرکەوتن بووە و ئێستا پێویستە ئەو ئەزموونە بۆ تەواوی وڵات بگوازرێتەوە.
  
وتیشی: سووریا پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە و چیدی کاتی کارکردن بە عەقڵیەتی شۆڕشگێڕی نییە، بەڵکو دەبێت عەقڵیەتی دەوڵەتسازی جێگەی بگرێتەوە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، "لە سەرەتای گەیشتنمان بە دیمەشق، گوتم کە شۆڕش بۆ ئێمە کۆتاییهات. لەوانەیە ئەمە قسەیەکی ناخۆش بێت بۆ هەندێک کەس، بەڵام مەبەستم ئەوەیە کە دەبێت کاروباری دەوڵەت بە عەقڵییەتێکی نوێ و جیاواز بەڕێوەببرێت. عەقڵی دەوڵەت عەقڵێکی شۆڕشگێڕ نییە، بەڵکو عەقڵێکی ئاشتەوایی و بنیاتنانە."
 
هۆشداریشی دا لەوەی کە "مەترسیدارترین شت ئەوەیە کە بچین بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و دەستکەوتەکان و بڵێین 'ئێمە قوربانیمان داوە و دەبێت هەموو شتێک بۆ ئێمە بێت'. ئەمە عەقڵییەتی دەوڵەتداری نییە، دەبێت لە زمانی هاندانی تایفەگەری دووربکەونەوە، چونکە بنیاتنانی وڵات پێویستی بە عەقڵییەتێکی کۆکەرەوە هەیە، نەک پەراوێزخستن و تاکڕەوی."
  
لەبارەی ئەو دەنگۆ و بانگەوازانەی باس لە دابەشکردنی سووریا دەکەن، ئەحمەد شەرع بە تووندی رەتیکردەوە و بە "خەون و نەزانیی سیاسی" ناوی هێنا و وتی: "من پێموانییە سووریا مەترسیی دابەشبوونی لەسەر بێت. راستە هەندێک کەس ئارەزووی دابەشکردن و دروستکردنی کانتۆنیان هەیە، بەڵام لە رووی لۆژیکی، سیاسی و عورفییەوە ئەمە مەحاڵە رووبدات. گۆڕینی نەخشەی ئێستای جیهان زۆر قورسە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەی پێنادات."
  
دووپاتیشی کردەوە، "هەر کەسێک لە سووریا داوای دابەشکردن بکات، یان نەزانیی سیاسیی هەیە یان خەون دەبینێت، چونکە هۆکارەکانی دابەشبوون لە سووریا بوونیان نییە و کۆمەڵگەی سووریاش خۆی دابەشبوون قبوڵ ناکات."
 
پاشان شەرع سیاسەتی حکومەتەکەی بەرامبەر بە دۆخی پارێزگای سوەیدا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد و جەختی لەسەر چارەسەری ئاشتییانە کردەوە و رایگەیاند: "یەکپارچەیی خاکی سووریا و کۆکردنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە دوو هێڵی سوورن". 

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل راستەوخۆ دەستێوەردان لە سوەیدا دەکات بۆ لاوازکردنی دەوڵەت، سیاسەتی ئێستای حکومەت بریتییە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و کارکردن بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان درووز و بەدەوییەکاندا.
 
لەبارەی هەسەدە، شەرع ئاشکرای کرد کە "گفتوگۆی چڕ لەنێوانمان بەردەوامە بۆ یەکەمجار لە 10 ساڵی رابردوودا رێککەوتنێک هەیە کە سووریا، هەسەدە، تورکیا و ئەمریکاش لەسەری کۆکن. ئێمە کار لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی دەکەین و هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی دەربڕیوە. ئومێدەوارم لە چەند مانگی داهاتوودا ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت."


PM:05:27:17/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت