80 ساڵ بەسەر کارەساتی هێرۆشیما تێپەڕدەبێت.. بۆ ئەمریکا ئەو شارەی هەڵبژارد؟


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

ئەمڕۆ 80 ساڵ بەسەر یەکەم هێرشی ئەتۆمی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تێپەڕدەبێت ئەویش هێرشی ئەتۆمی ئەمریکا بوو بۆ سەر شاری هێرۆشیمای ژاپۆن. کە زیانێکی زۆری بە ژاپۆن گەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، بەبەشداری بەبەشداری نوێنەرانی زیاتر لە 100 وڵات، یادی 80 ساڵەی هێرشی ئەتۆمیی ئەمریکا بۆ سەر هێرۆشیمای ژاپۆن کرایەوە، کە لەڕێوەڕەسمەکە ئامادەبووان خولەکێک بە بێدەنگی وەستان.

چەند دۆکیۆمێنتێک باس لەوە دەکەن، سێ مانگ بەر لە هێرشەکەی سەر هێرۆشیما و ناکازاکی، ژاپۆن ئامادەیی خۆبەدەستەوەدانی نیشانداوە و رێککەوتنیان ئەنجامداوە، کەچی ئەمریکا هەر چەکە کۆمەڵکوژەکەی تاقی کردەوە و ئامانج لێی ترساندنی یەکێتی سۆڤیەت بوو؛ بەڵام لە ناو خاکی ژاپۆن تاقی کرایەوە و هەزاران کەسی بێ تاوان بوونە قوربانی.

لە 6ـی ئابی 1945 فڕۆکەی بی 29ـی ئەمریکا بە ناوی 'ئینۆلا گەیی' بە بۆمبی ئەتۆمی هێرشی کردە سەر شاری هێرۆشیمای ژاپۆن، کە هاوتای 16 تۆن تی ئێن تی بوو، نزیکەی 140 هەزار کەسی کوشت.

سێ ڕۆژ دوای هێرشەکەی هێرۆشیما، فڕۆکەیەکی دیکەی ئەمریکا بۆمبێکی دیکەی ئەتۆمی بەسەر شاری ناگازاکی ژاپۆن خستە خوارەوە، بەهۆیەوە 74 هەزار کەس کوژران.

ئەم دوو بۆمبە گورزێکی کوشندەیان لە ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن دا، لە 15ـی ئابی 1945 خۆی ڕادەست کرد و بەم شێوەیە جەنگی جیهانی دووەم کۆتایی هات.

پێش ئەوەی دوو بۆمبە ئەتۆمییەکە بتەقێنرێنەوە دەزگای زانیاری ئەمریکی لیستێک لە ئامانجەکانی دا بە کۆشکی سپی کە بە ئامانجی زیندوو دادەنران، ئەوانیش؛ کیۆتۆ، ھێرۆشیما، یۆکوھاما، کوکورا، نیگاتا، و لە نێو ئەو لیستەشدا شاری ھیرۆشیما ھەڵبژێردرا و شاری تۆکیۆیان گۆڕی بە ناگاساکی و ھەڵیانبژارد بۆ تەقینەوەکە، لەبەرئەوەی ھەرییەک لەو دوو شارە (ھیرۆشیما و ناگاساکی) ناوەندی پەیوەندی جوڵەی سوپای ژاپۆنی بوو و ھەروەھا لەبەرئەوەی ھیچ بەندیخانەیەکیان لە خۆ نەئەگرت کە بەندە ئەمریکییەکانی تێدا بێت ھاوکات ئەم شارانەی کارگەی سەربازی یان سەربازگەی گەورەی ژاپۆنی تێدا نەبوو.

سەبارەت بە جۆری بۆمبەکان، ھەردوو بۆمبەکە لە ئەمریکا دروست کران و بە ھاوکاری زانایانی بەریتانیا و کەنەدا، ناوی نھێنی پڕۆژەکە پڕۆژەی 'مانھاتن' بوو. یەکەم بۆمب لە ناوچەی ئالامۆگۆردۆ لە ویلایەتی نیومەکسیکۆ لە ئەمریکا تاقیکرایەوە و کاتێک زانرا کاریگەرییەکی وێنرانکەری هەیە، هاری ترۆمان، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بڕیاری بەکارهێنان و وەشاندنی بۆمبەکانی دەرکرد.

ئەوەی جێگەی سەرنجە،پۆل تیبیتس ئەو فرۆکەوانە بوو کە هێرشەکەی ئەنجامدا و بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان، "فڕۆکەوانەکە نەیزانیوە کە بۆمبی ئەتۆمی ھەڵگرتووە".

پاش هێرشەکەش، ناوەندی سەرەکی پەیوەندییەکان لە تۆکیۆ زانی کە کێشە  لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ھیرۆشیما هەیە و ھەموو پەیوەندییەکانیان پچڕابوو لەگەڵ شارەکە، بۆیە سەرکردایەتییەکی ژاپۆنی نارد کە لە کۆمەڵێک فڕۆکە پێکھاتبوون تا بزانن چی ڕوویداوە، راستەوخۆ دوای 20 خولەک، فڕۆکەوانە ژاپۆنییەکان لە دووری 160 کیلۆمەتر ھەورێکی چڕیان لەسەر شارەکە بینی و گەڕانەوە، ئیدی سەرکردایەتی ژاپۆن درێژەی ڕووداوەکەیان نەزانی تا دوای 16 کاتژمێر ھاری ترۆمان وتی: "لە کۆشکی سپییەوە بڕیاری بۆمبارانکردنی هێرۆشیمان دەرچوو، بڕیارەکەش جێبەجێکرا".


AM:09:34:06/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو