بەرگریی شارستانیی غەززە: تەنها ئەمڕۆ 26 کەس لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون
وێستگەنیوز_
محەممەد بەسال، وتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە دەڵێت، ئەمڕۆ بەهۆی تەقە و بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە 26 کەس کوژراون کە 14یان لە نزیک بنکە و ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، محەممەد بەسال رایگەیاند، لە خان یوونس 8 کەس و لە ناوەڕاستی غەززە 6 کەسی دیکە لەنزیک بنکەکانی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان کوژران و 21 کەسی دیکەش بە هەمان هۆکار و لە هەمان ئەو ناوچانە بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، 5 کەسی دیکە بەهۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ماواسی لە باشووری غەززە کوژران کە ئیسرائیل ناوچەکەی بە یەکێک لە ناوچە سەلامەتەکان بۆ خەڵک دیاریی کردبوو. هەروەها 6 کەسی دیکە بە بۆردوومانێک بۆ سەر شاری غەززە و یەکێکی دیکەش بە هەمان هۆکار لە باشووری کەرتەکە کوژران.
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە وەڵامی دایەوە. لەو کاتەوە، تەندروستی غەززە دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 61 هەزار و 20 کەس کوژراون و 150 هەزار و 671 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسانی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکەن، بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە سەروو هەزار و 130 کەس کوژران و 250 کەسیش کەوتونەتە دەست گرووپەکە.
PM:07:30:05/08/2025
ئهم بابهته 720
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت