دوای بوومەلەرزەکەی رووسیا؛ هۆشداریی بە ملیۆنان کەس دەدرێت لە ئەگەری ڕوودانی تسۆنامییەکی وێرانکەر
وێنەی شەپۆلەکان لە هاوای کە گومانی روودانی تسۆنامی زیاتر کردووە
وێستگەنیوز_
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 7ـی 2025، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رووسیای گرتەوە و لە ئێستادا پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکانی تسۆنامی لە ماوەیەکی کەمدا بگەنە کەناراوەکانی هاوایی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی باکووری ژاپۆن شەپۆلێک بە بەرزیی 40 سانتیمەتر تۆمارکرا.
لە ژاپۆن داوا لە نزیکەی دوو ملیۆن کەس کراوە ناوچەکانیان چۆڵ بکەن؛ و فەرمانی چۆڵکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە بەندەرەکانی هاوای دەرکراوە و هەموو بەندەرەکان بەڕووی هاتنی کەشتیی نوێدا داخراون.
هەروەها ملیۆنان کەس بەهۆی مەترسیی تسۆنامییەوە هەر لە تۆکیۆوە بۆ هاوای، لە کالیفۆڕنیاوە بۆ نیوزلاندا هۆشدارییان پێدراوە. بەرپرسانی کالیفۆرنیای ئەمریکا داوایان لە خەڵک کردووە لە کەناراوەکان دووربکەونەوە و وڵاتانی چین، فیلیپین، ئەندەنوسیا، نیوزلاندا و تەنانەت پێرو و مەکسیکیش هۆشداریی تسۆنامیان دەرکردووە.
یەکەی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا لە هۆشدارییەکدا دەڵێت، "هەر کەشتییەک لە نزیک هاوای بێت، دەبێت لە کەناراوەکان دووربکەوێتەوە تاوەکو شەپۆلەکانی تسۆنامی تێدەپەڕن." هاوکات، ئاراستەی چەندین گەشتی ئاسمانی بەرەو هاوای لە ئاسماندا گۆڕدراوە و زۆرێکیان گەڕێندراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی سەرەتای گەشتەکەیان.
تسۆنامی چییە؟
تسۆنامی بریتییە لە زەبرێکی بەهێزی ئاو کە بەناو زەریا و دەریادا بڵاودەبێتەوە و زۆرجار بەهۆی بوومەلەرزەیەکی بەهێزی بنی زەریاوە روودەدات.
بوومەلەرزە گەورەکان هۆکاری سەرەکیی تسۆنامین، بەڵام دەکرێت دیاردەکە بەهۆی رووداوی دیکەی جوگرافیی کارەساتبارەوە دروست ببێت، وەک تەقینەوەی گڕکان و داڕمانی زەوی.
وشەی تسۆنامی لە بنەڕەتدا (سوونامی)ـیە و لە دوو وشەی ژاپۆنی پێکاتووە کە بە واتای (بەندەر) و (شەپۆل) دێت.
یەکێک لە بەهێزترین تسۆنامییەکانی مێژوو لە مانگی کانوونی یەکەمی 2004 لە زەریای هیندی بەهۆی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 9.1 پلە لە کەناراوەکانی دوورگەی سوماترای ئیندۆنیزیا روویدا.
لە ئەوکاتدا، دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەو وزەیەی لێی دەرچوو، بەرامبەر بوو بە 23 هەزار بۆمبی ئەتۆمیی لەوانەی کە بەسەر هێرۆشیمادا تەقێندرانەوە. نزیکەی 220 هەزار کەس لە ئەنجامی ئەو تسۆنامییە لە 11 وڵات گیانیان لەدەستدا، کە ژمارەیەکی زۆریان هەزاران کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکەوە دوور بوون.
AM:10:20:30/07/2025
ئهم بابهته 680
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت