تره‌مپ: نازانم له غه‌ززه چی رووده‌دات و ده‌بێت ئیسرائیل بڕیار بدات
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه نازانێ له غه‌ززه چی رووده‌دات، ده‌شڵێت: "به‌ڵام ئیسرائیل ده‌بێت بڕیار بدات".
پێش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاین سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا، تره‌مپ، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی: "پێویسته ئیسرائیل بڕیار له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی له غه‌ززه بدات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه "نازانێت دوای كشانه‌وه‌ی ئیسرائیل له دانوستانه‌كانی ئاگربه‌ست و ئازادكردنی بارمته‌كانی ژێر ده‌ستی حه‌ماس، چی رووده‌دات".
روونیشی كرده‌وه كه حه‌ماس "له پڕ هه‌ڵوێستێكی توندی به‌رامبه‌ر به پرسی بارمته‌كان گرته‌به‌ر"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "نایانه‌وێت بیانگه‌ڕێننه‌وه، بۆیه ئیسرائیل ده‌بێت بڕیار بدات".
وتیشی: "پێموانییه برسێتی له غه‌ززه هه‌بێت و ره‌نگه ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندی به به‌دخۆراكییه‌وه هه‌بێت، چونكه حه‌ماس یارمه‌تییه مرۆییه‌كان ده‌دزێت و له‌گه‌ڵ ناتانیاهۆ سه‌باره‌ت به چوونه ناوه‌وه‌ی یارمه‌تییه‌كان بۆ غه‌ززه و بابه‌تی دیكه قسه‌م كرد".
سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاشكراشیكرد كه "هاوكاری زیاتر پێشكه‌شی غه‌ززه ده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت وڵاتانی دیكه‌ش له‌و هه‌وڵه‌دا به‌شدار بن".
رۆژی هه‌ینی تره‌مپ رایگه‌یاند كه حه‌ماس نایه‌وێت رێككه‌وتنێك سه‌باره‌ت به ئاگربه‌ست له غه‌ززه و ئازادكردنی بارمته‌كان بكات. به رۆژنامه‌نووسانی وت كه به‌وشێوه‌یه "حه‌ماس ده‌كه‌وێت".
PM:08:54:27/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 240
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت