ماکرۆن بۆ سەرۆکی سوریا: گرنگە دانوستانەکانی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی سوریا بە نیازێکی باشەوە بەردەوام بن


وێستگەنیوز-

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا ئەنجامداوە و پێی راگەیاندووە، "گرنگە دانوستانەکانی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی سوریا بە نیازێکی باشەوە بەردەوام بن".


ئەمڕۆ شەممە 26ی تەموزی 2025، ئیمانیوێڵ ماکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "لەگەڵ سەرۆکی سوریا قسەم کرد سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی ئەم دواییە لە سوریا، کە ناسکی قۆناغی ئینتقالی نیشاندەدات و پێویستە هاوڵاتییانی مەدەنی پارێزراوبن".

ئاماژەی بەوەکرد، "وەستاندنی شەڕ لە سوەیدا هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی سوریا، هەروەها داوا دەکەم ئەو کەسانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت کە لە تووندوتیژییەکانی کەناراوەکانی سوریادا بەشدارن و هاوپەیمانی سوریا بۆ گەیشتن بە یەکڕیزی و رێزگرتن لە مافەکان گرنگە".

لەبارەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" و دەسەڵاتدارانی سوریا ماکرۆن وتی، "ئەو کۆبوونەوەیەی کە رۆژی هەینی لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و سوریا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە پاریس کران، یارمەتیدەر بوون لە دەستنیشانکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ دانوستاندنی نێوان هەسەدە و دیمەشق لەسەر تێکەڵکردنی هێز و دامودەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی سوریا، بەپێی رێککەوتنێک کە لە 10ی ئادار لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و شەرعدا واژۆ کرابوو".

وتیشی، "گرنگە دانوستاندنەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا بە نیازێکی باشەوە بەردەوام بن".

سەرۆکی فەرەنسا دووپاتیکردەوە، "فەرەنسا پابەندە بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا، هەروەها لەم چوارچێوەیەدا، باسمان لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کرد و پشتیوانی خۆمان بۆ دامەزراندنی سنووری نێوان سوریا و لوبنان دەربڕی".


PM:06:31:26/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو