فرۆکەیەکی نەفەرهەڵگری رووسیا کەوتەخوارەوە و 'پێناچێت هیچ سەرنشینێک لە روداوەکە رزگاری بووبێت'


وێستگەنیوز_

بەرپرسانی فریاکەوتنی رووسیا دەڵێن، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری جۆری ئانتۆنۆڤ AN-24 کە 46 کەسی هەڵگرتبوو، لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتووەتە خوارەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، "گومان دەکرێت سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەست دابێت."
 
فڕۆکە سووتاوەکە لەلایەن هێلیکۆپتەرێکەوە لە ناوچەیەکی دارستانی چڕدا بینراوە و تیمەکانی فریاکەوتن بەرەو شوێنی رووداوەکە بەڕێکەوتوون.
 
بەیانی ئەمڕۆ فریاکەوتنی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی روسی بە 46 سەرنشینەوە دیار نەماوە. فڕۆکەکە، کە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی (ئانگارا) بووە و لە ساڵی 1976 دروستکرابوو، لە گەشتێکدا بووە لە شاری بلاگۆڤێشێنسکەوە بۆ شاری تیندا. پێش گەیشتنی بە تیندا، کە شارۆچکەیەکی دوورەدەستە لە هەرێمی ئامور لەسەر سنووری چین، لە رادارەکان ون بووە، دووجار هەوڵی نیشتنەوەی داوە، بەڵام کێشەی بۆ دروست بووە.

بەشێكی میدیاکانی ئەو وڵاتەش دەڵێن: فڕۆکەکە نزیکەی 50 کەسی هەڵگرتبوو کە پێشبینی گیان لەدەستدانی سەرجەمیان دەکرێت.

کۆمپانیای بەرهەمهێنی فڕۆکەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەر لە فڕینی فڕۆکەکە پشکنینی تەواوی بۆ کراوە و لەکاتی سەرەتای گەشتەکەشیدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ هەبوونی گرفت نەناردووە بۆ خاڵەکانی پشکنین.

فڕۆکەکە 46 سەرنشینی تێدا بووە، کە دووانیان منداڵ و شەشی دیکەیان سەر بە تیمی فڕۆکەوانییەکە بوون، بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان لەسەر رووداوەکە، پاشماوەی فڕۆکەکە بە دووری 15 کیلۆمەتر لە شاری تیندا دۆزراوەتەوە.

ئەوەشیان خستووەتە روو، پێناچێت هیچ سەرنشینێک لە روداوەکە رزگاری بووبێت.


AM:11:45:24/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو