هاکان فیدان: ئامانجی ئیسرائیل دابەشکردنی سووریایە بەڵام رێگە بەوە نادەین


وێستگەنیوز_
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ''ئامانجی ئیسرائیل دابەشکردنی سووریایە بەڵام رێگە بەوە نادەین".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەمموزی 2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "ئامانجی ئیسرائیل دابەشکردنی سووریایە، ئەوان دەیانەوێت رێگری لە هەموو ئەو هەوڵانە بکەن کە لەپێناوی بەرقەرارکردنی ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتی لە سووریا دەدرێن''.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ''پەلکێشکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ناو کێشە و پشێوی، لە بەرژەوەندیی نەتانیاهۆ دایە. بەڵام ئێمە وەک وڵاتانی ناوچەکە رێگە بەمە نادەین. تاوەکو دوا سنوور، رێگری لە تێکدانی یەکپارچەیی خاک و یەکێتی سیاسیی سووریا دەکەین''.
 
بە وتەی فیدان، پێویستە شەڕوپێکدادانەکانی سوەیدا کۆتاییان بێت و لایەنەکان پابەندی ئاگربەستەکە ببن، کاتێک لە باشووری سووریا شتێک روودەدات، دەبینین پاشماوەکانی رژێمی پێشوو دەکەونە جووڵە بۆ هاندانی عەلەوییە سوورییەکانی ئەوێ کە زۆر ئازیزن. لە لایەکی دیکەشەوە، دەبینین کە یەپەگەش دەستبەجێ دەکەوێتە جووڵە. ئامانجی هەندێک وڵات ئەوەیە، سووریا بەلایەنی کەمەوە بۆ چوار پارچە دابەش بکەن''.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری دایە گرووپەکانی سووریا و وتی، "ئەو گرژییانە وەک دەرفەتێک بۆ خۆتان مەبینن. لە یادتان بێت، کاتێک کەسێک پیلانێک دادەنێت، هیچ سوودێکی بۆ ئێوە نابێت. ئامانجتان ئەوە بێت تاکێکی خاوەن شەرەف بن لەسەر ئەو خاکەی کە هی ئێوەیە. خۆتان لەو روانگەیە بەدوور بگرن کە هەوڵبدەن ئاژاوەگێڕییەک بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی. ئاژاوەگێڕییەک کە بە یارمەتی کەسانی دیکە لەسەر بنچینەی خوێنڕشتن هاتووەتەئاراوە''.
 
هەروەها لە کۆتاییدا هۆشداری دایە ئەو کەسانەش کە هەوڵی دابەشکردنی سووریا دەدەن و دووپاتی کردەوە، ''با هیچ گرووپێک دەست نەداتە جموجۆڵی دابەشکاری. زۆر شتمان هەیە کە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە قسەی لەسەر بکەین. هەموو شتێک قابیلی گفتوگۆیە و لەگەڵ هەموو گرووپ و لایەنێکیشدا گفتوگۆ دەکرێت. بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن و بە بەکارهێنانی تووندوتیژی هەنگاو بۆ دابەشکردن و ناسەقامگیرکردن بنێن، ئەوا ئێمە ئەمە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان لێک دەدەینەوە و دەستێوەردان دەکەین''.


PM:09:36:22/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو