لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كانی كه‌ناره‌كانی سوریا ئه‌نجامی كۆتایی كاره‌كانی راگه‌یاند
وێستگه‌نیوز-
لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كانی كه‌ناره‌كانی سوریا رایگه‌یاند كه پاشماوه‌كانی رژێم هه‌وڵیاندا ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌كانی كه‌ناراوه‌كاندا بگرن به ئامانجی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عه‌له‌وی و 200 هه‌زار چه‌كداریش به‌ره‌و ناوچه‌كه رۆیشتن بۆ ئه‌وه‌ی له پاشماوه‌كانی رژێمی پێشوو وه‌ریبگرنه‌وه و له ئه‌نجامدا كوشتن و پێشێلكاری روویدا.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه لیژنه‌ی نیشتمانیی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی راپۆرتی كۆتایی خۆی سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی كه‌ناراوه‌كانی سوریا بڵاوكرده‌وه و له راگه‌یه‌ندراوی لیژنه‌كه كه له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له دیمه‌شق راگه‌یه‌ندرا، هاتووه؛
*لیژنه‌كه له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیدا پشتی به چاودێریكردن و به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه به‌ستبوو له هێرش و پێشێلكارییه‌كانی پارێزگاكانی لازقیه و ته‌رتووس و حه‌ما له دژی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و دامه‌زراوه حكومییه‌كان و كارمه‌ندانی ئه‌منی و سوپا و ئه‌وانه‌شی كه له رووداوه‌كان تێوه‌گلاون رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه.
*لیژنه‌كه به شێوه‌یه‌كی شه‌فاف په‌یوه‌ندی به سورییه‌كانه‌وه كرد و چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پێكهاته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئه‌نجامدا. هه‌روه‌ها لیژنه‌كه سه‌ردانی 33 شوێنیان كرد و پشكنینیان بۆ گۆڕ و شوێنه‌كانی ناشتنی كوژراوه‌كان كرد و به ئاماده‌بوونی موختار و پیاوانی ئایینی و چه‌ندین نوێنه‌ری خێزانه‌كان شایه‌تیدانه‌كانیان تۆمار كرد.
*لیژنه‌كه دیداری له‌گه‌ڵ شایه‌تحاڵه‌كان كه ئه‌ندامی خێزانه‌كان بوون ئه‌نجامداوه و 938 لێدوانی تۆماركردووه، كه 452یان په‌یوه‌ندییان به كوشتن و 486یان په‌یوه‌ندی به ئاماده‌كاری چه‌كداری، دزی، سووتاندنی ماڵ و دوكان، یان ئه‌شكه‌نجه‌دان هه‌بووه.
*لیژنه‌كه گوێی له 23 لێدوانی به‌رپرسان گرت و لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبارانی ده‌ستبه‌سه‌ركراو كرد و رێوشوێنی پێویستیان گرته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه.
*لیژنه‌كه وتووێژێكی چڕوپڕی له‌گه‌ڵ ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه په‌یوه‌ندیداره‌كان له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجامدا، باسیان له باشترین شێوازه‌كانی لێكۆڵینه‌وه كرد و رێكاره یاساییه دامه‌زراوه‌كانی په‌یڕه‌وكرد بۆ پاراستنی بنه‌ماكانی سه‌ربه‌خۆیی، بێلایه‌نی، بابه‌تیبوون و به نهێنی هێشتنه‌وه‌ی ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌كان.
*لیژنه‌كه ده‌ره‌نجامه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای گومان داناوه نه‌ك به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه و ناوی تۆمه‌تباران له خشته‌كانی هاوپێچدا رێكخراوه.
ده‌ره‌نجامه سه‌ره‌كییه‌كانی راپۆرتی لیژنه‌كه
*سوریا له ده‌ست رژێمی ئه‌سه‌د رزگار كرا و تا سه‌ره‌تای مانگی ئازار، ئارامی له ناوچه كه‌ناراوه‌كان و سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا زاڵ بوو. له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ئاسایشی گشتی و هێزه‌كانی حكومه‌ت تاڕاده‌یه‌كی قبوڵكراو پابه‌ندی دیسپلین و رێساكان بوون.
*له 6ی ئازاری 2025 پاشماوه‌كانی رژێم زنجیره‌یه‌ك ئۆپه‌راسیۆنی دوژمنكارانه‌ی به‌رفراوانیان ئه‌نجامدا و باره‌گاكانی سوپا و ئاسایشی گشتی، خاڵه‌كانی پشكنین و مه‌فره‌زه‌كانیان به چه‌كی بچووك و مامناوه‌ند كرده ئامانج. رێگا سه‌ره‌كییه‌كانیان داخست و 238 گه‌نجی ئه‌ندامی ئاسایشی گشتی و سوپایان له پارێزگاكانی لازقیه و ته‌رتووس و حه‌ما كوشت. هه‌ندێكیان دوای دانانی چه‌كه‌كانیان له ئه‌نجامی دانوستانه‌كانی كه‌سایه‌تییه دیاره‌كان كوژراون، هه‌ندێكی دیكه له كاتی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكیدا كوژراون و هه‌ندێكی دیكه‌شیان له كاتی دیلی‌دا كوژراون و هه‌ندێكیان له گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا به خاك سپێردراون.
*له رێگه‌ی لێدوانی شایه‌تحاڵه‌كان له خێزانی قوربانییه‌كان و دانیشتوانی ناوچه‌كه و كارمه‌ندانی حكومه‌ت و له رێگه‌ی پشكنینی به‌ڵگه دیجیتاڵییه‌كانه‌وه، لیژنه‌كه ناوی 265 تۆمه‌تباری ده‌ستنیشانكردووه كه په‌یوه‌ندییان به گروپه یاخیبووه نایاساییه‌كانه‌وه كردووه كه په‌یوه‌ندییان به رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه هه‌یه و به شێوه‌یه‌كی باو به "فلول -پاشماوه" ناوده‌برێن. لیژنه‌كه گومانی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه پێشێلكاریی گه‌وره‌یان ئه‌نجام داوه، وه‌ك سوكایه‌تی تائیفی، دزی له‌ژێر زه‌بری چه‌ك، ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتنی كارمه‌ندانی گشتی له‌كاتی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیان، هاندانی ململانێی تائیفی و هه‌وڵدان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی به‌شێك له خاكی ده‌وڵه‌تی سوریا.
*پاشان پاشماوه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر ته‌واوی شار و شارۆچكه و گوند و رێگاوبانه‌كاندا گرت و باره‌گاكانی حكومه‌تیان گه‌مارۆدا به ئامانجی جیاكردنه‌وه‌ی كه‌ناراوه‌كان له سوریا و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عه‌له‌وییه‌كان، به پلان و ئاماده‌كاری و جێبه‌جێكردنی له‌لایه‌ن گروپه راهێنراو و به‌یه‌كه‌وه گرێدراوه‌كانه‌وه.
*پاشان گروپ و هێزه سه‌ربازییه‌كانی دیكه ده‌ستیان به جوڵه كرد و به‌ره‌و كه‌ناراوه‌كان رۆشتن، رێگای نێوده‌وڵه‌تییان قه‌ره‌باڵغ كرد و زیاتر له 200 هه‌زار چه‌كدار به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه ده‌ڕۆیشتن كه له‌لایه‌ن پاشماوه‌كانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرابوو بۆ ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی بكه‌نه‌وه.
*به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 7ی ئازار، له هه‌ندێك له‌و گونده به‌رزانه‌ی به‌سه‌ر رێگاكه‌دا ده‌یانڕوانی، پاشماوه‌كان به چه‌كه‌كانیان كاروانه سه‌ربازییه‌كان و كاروانی هێزه‌كانی به‌هێزكردن و ئۆتۆمبێله مه‌ده‌نییه‌كانیان كرده ئامانج. به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك سه‌رباز و مه‌ده‌نی كوژران و ئه‌مه‌ش بووه‌هۆی پشێوی زیاتر.
*هه‌ر له‌و رۆژه‌دا گروپه چه‌كداره‌كان ده‌ستیان كرد به چوونه ناو چه‌ند گوند و شارۆچكه و ماڵێك. به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان، گه‌ڕانێكی یه‌ك له‌دوای یه‌كیان بۆ دانیشتووان كردووه، كه هه‌ندێكیان رێكخراوبوون، هه‌ندێكی دیكه‌شیان كۆنتڕۆڵ نه‌كراوبوون. لیژنه‌كه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌و پێشێلكارییه گه‌ورانه كرد كه له رۆژانی 7 و 8 و 9ی ئازاردا دژی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئه‌نجام دران له‌وانه كوشتن، تاڵانكردنی موڵك و ماڵ و تێكدان و سووتاندنی ماڵه‌كان، ئه‌شكه‌نجه‌دان و سووكایه‌تیكردنی تائیفی.
*به به‌راوردكردنی به‌ڵگه‌كان، لیژنه‌كه لێكۆڵینه‌وه‌ی له ناوی هه‌زار و 426 كوژراو كردووه كه 90 كه‌سیان ژن بوون. لیژنه‌كه پێیوایه پێده‌چێت كوشتنه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان ئه‌نجام درابێتن.
*گێڕانه‌وه‌ی شایه‌تحاڵه‌كان سه‌باره‌ت به ره‌فتاری ئه‌م گروپانه جیاوازن. له كاتێكدا هه‌ندێكیان دڕنده‌یی ترسناكیان ئه‌نجامدا، هه‌ندێكی دیكه‌شیان به رێزه‌وه مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات لیژنه‌كه باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێت كه پێشێلكارییه‌كان هه‌رچه‌نده به‌ربڵاون، به‌ڵام رێكخراو نه‌بوون و به پاڵنه‌ری جیاواز ئه‌نجام دراون. به‌شێك له تۆمه‌تباره‌كان ئه‌ندامی گرووپه چه‌كداره‌كان بوون، هه‌ندێكی تریش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی فه‌رمییان نه‌بووه و وه‌ك تاك مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد و خۆبه‌خشانه چوونه‌ته ریزی گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه یان له ترسی خێزانه‌كانیان و وڵاته‌كه‌یان له ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د گروپی بچووكیان پێكهێناوه، بۆ رزگاركردنی رۆڵه‌كانیان كه خۆبه‌خشانه له هێزه سه‌ربازییه‌كاندا بوون. هه‌ندێكیان بۆ دزیكردن باندیان پێكهێنا، هه‌ندێكیان خۆیان وه‌ك كارمه‌ندانی حكومه‌ت ده‌رخستووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی سوودی كه‌سی نایاسایی یان زیانگه‌یاندن به كه‌سانی دیكه. هه‌ندێكیان سه‌ر به گروپه قه‌ره‌جه‌كانی نیشته‌جێی ناوچه‌كه‌ن، كه پێشتر هاوكاری شه‌بیحه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌دبوون له دژی ئۆپۆزسیۆن.
*زۆربه‌ی ئه‌و گوندانه‌ی كه كرانه ئامانج، به‌سه‌ر رێگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڕوانن كه پاشماوه‌كانی رژێم بۆ به ئامانجگرتنی كارمه‌ندانی حكومه‌ت به‌كاریان ده‌هێنا.
*لیژنه‌كه ته‌ركیزی خسته سه‌ر لێكۆڵینه‌وه له ناسنامه و پاشخانی تاوانباران له رێگه‌ی چه‌ند شێوازێكه‌وه، هه‌روه‌ها 258 كه‌سی ده‌ستنیشانكرد كه گومانی تێوه‌گلانیان له پێشێلكارییه‌كاندا هه‌یه به ناوی ته‌واوی خۆیان. لیژنه‌كه پشت به رۆڵی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌به‌ستێت بۆ دیاریكردنی تاوانباری یان بێ‌تاوانیان.
*لیژنه‌كه پێیوایه هه‌ندێك كه‌س سه‌رپێچی فه‌رمانی سه‌ربازییان كردووه و گومانیان لێده‌كرێت پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئه‌نجام داوه.
PM:04:40:22/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 848
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت