ئەردۆغان: ئۆجەلان هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پرۆسەی ئاشتی دەکات


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، پێداگرن لەسەر بنیاتنانی ئایندەیەکی بێ تیرۆر، ئاماژە بەوەشدەکات، لەئێستادا ئیمراڵی "کە مە بەستی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە" هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پرۆسەی ئاشتی دەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تەموزی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لە ئامادەباشیداین بەرامبەر بە هەموو ئەو تێکدەر و پێکهاتانەی ئامانجیانە تورکیای بێ تیرۆرمان بخەنە ژێر مەترسییەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاگادارن چەکدانان دەستیپێکردووە، هاوڕێیانمان چاودێری پێویست دەکەن و بەردەوامن لەسەر دیدارەکان، ئەوەندی دەزانم گفتوگۆکان لە بارەی کۆميسیۆن گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی. بەم نزیکانە شاهیدی پێشکەوتن دەبن لەسەر ئاستی پەرلەمان".

ئەردۆغان جەختی لەوەشکردەوە، "ئێمە پێداگرین لەسەر بنیاتنانی ئایندەیەکی بێ تیرۆر، زۆر بە ڕوونی دەزانین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان چی بکەین، چۆن بیکەین و لە کۆتاییدا بە کوێ دەگەین، ئەو رووداوانەی لە ناوچەکەماندا روو دەدەن جارێکی دیکە دروستیی ئەم هەنگاوە دەسەلمێنن کە گرتوومانەتەبەر، لە ئێستادا ئیمراڵی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی لەمبارەیەوە داوە و دەیدات".

لەبارەی سوریاوە سەرۆک کۆماری تورکیا وتی، "ناخوازین سوریا پارچە پارچە بکرێت، بووژانەوەی سوریا بۆ وڵاتەکەشمان بە ئەرێنیی دەبینین".

وتیشی، "ئیسرائیل نایەوێت سەقامگیریی لە ناوچەکەدا هەبێت، پێیوایە سوریایەکی یەکگرتوو بۆ خۆی باش نابێت، لەبەرئەوە بەردەوامە لە کارە ئیستیفزازییەکان".


PM:05:35:21/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو