رۆژنامەی فەرمیی تورکیا: ئەردۆغان رێککەوتنی عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت نوێ ناکاتەوە
وێستگەنیوز_
بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاریداوە رێککەوتنی بۆری نەوتی خاوی تورکیا و عێراق نوێ نەكاتەوە.
رۆژنامەی فەرمیی تورکیا راپۆرتێکی ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تەمموزی 2025 بە واژۆی ئەردۆغان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە رۆژی 27ی تەممووزی 2026ـەوە ناکارا دەکرێت و کۆتایی پێدێت.
بڕیارەکە بە ژمارە (10113) لە رۆژنامەی فەرمی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت: "لەو رێککەوتەوە رێککەوتنەکە و سەرجەم پرۆتۆکۆل و بەڵگەنامە هاوپێچەکانی دیکە کە پەیوەستن بەو بابەتەوە، هەڵدەوەشێنەوە".
رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو یەکەمجار رۆژی 27ـی ئابی 1973 لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا. رۆژی 22ـی نیسانی 1975 بە بڕیاری ژمارە 7/9843 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بە درێژایی ساڵان لە رێگەی چەندین پرۆتۆکۆلی جیاوازەوە نوێکراوەتەوە. دواجار لە ساڵی 2010 بۆ ماوەی 15 ساڵی دیکە درێژکرابووەوە، کە ماوەکەی لە ساڵی 2025 کۆتایی دەهات.
هێڵی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا، لە چوارچێوەی رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی خاو کە لە 27ی ئابی 1973 لەنێوان حکومەتی تورکیا و کۆماری عێراق واژۆ کرا، بەمەبەستی گەیاندنی ئەو نەوتە خاوەی لە کەرکووک و کێڵگەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی عێراق بەرهەم دەهێنرێت بۆ بەندەری جەیهان دروستکراوە.
لە 19ی ئەیلوولی 2010، رێککەوتنێکی هەموارکردنەوە لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کرا بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی کەرکووک - یومورتاڵک و پرۆتۆکۆلە پەیوەندیدارەکانی و درێژکردنەوەی بۆ ماوەی 15 ساڵ. خاوەنی بەشی تورکیای هێڵە بۆرییەکە و هەروەها ئەو لایەنەی کار بە بەشەکەی تورکیای هێڵە بۆرییەکە دەکات، کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتە بە بۆری (BOTAŞ).
PM:12:13:21/07/2025
ئهم بابهته 924
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت