لە هەوڵێکدا بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، ترەمپ پێشوازی لە ناتانیاهۆ کرد


وێستگەنیوز- AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە بڕیاریداوە کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد و ئێوارە خوانێکی بۆ رێکخست.


ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "پێموانییە لەبەردەم رێککەوتنی ئاشتی هیچ رێگرییەک هەبێت، ێموایە کارەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن".

ئەم کۆبوونەوەی ترەمپ و ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە دەوحە میوانداری دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان هەردوولا.

لەبارەی ئەوەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل زیان بە گفتوگۆکان دەگەیەنن، ترەمپ وتی، "ئەوان دەیانەوێت کۆببنەوە و ئەو ئاگربەستەیان دەوێت".

هەروەها ناتانیاهۆ لەبارەی ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەکان وەڵامێکی روونی نەبوو، هەروەها رەتیکردەوە رێگە بە دروستبوونی دەوڵەتێکی تەواوی فەلەستینی بدات ئاماژەی بەوەدا، "ئێستا خەڵک دەڵێن ئەمە دەوڵەتێکی تەواو نییە، ئەمە دەوڵەت نییە، بەلامانەوە گرنگ نییە."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "هەمیشە کۆنترۆڵی ئەمنیی کەرتی غەززەی لەدەست ئێمە دەمێنێتەوە".

دیدارەکەی ترەمپ و نەتانیاهۆ هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووەم رۆژی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە قەتەر بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی زەحمەت.

بەرپرسێکی فەلەستینی کە ئاگاداری دانوستانەکانە بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "هیچ پێشکەوتنێک نەبووە، بەڵام دانوستانەکان بەردەوام دەبن"، ئاماژەی بەوەشکرد، "حەماس بیر لە رێککەوتن دەکاتەوە".

ترەمپ رۆژی یەکشەممە رابردوو وتی، "پێموایە هەلێکی باش هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەم هەفتەیەدا".

هەروەها لە میانی دیدارەکەدا ترەمپ ناتانیاهۆی ئاگادارکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کاندیدی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، کۆپییەکی نامەی کاندیدکردنەکەی بۆ لیژنەی خەڵاتەکان ناردووە.


AM:10:33:08/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت