شارێکی 3500 ساڵی لە باکووری پیرۆ دۆزرایەوە
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
شوێنەوارناسان دۆزینەوەی شارێکی دێرینیان لە پارێزگای بارانکا لە باکووری پیرۆ ڕاگەیاند.
بەگوێرەی راپۆرتێکی بی بی سی، ئەو شارەی دۆزراوەتەوە تەمەنی 3500 ساڵە و ناوی پێنیکۆیە و پێدەچێت وەک ناوەندێکی سەرەکی بازرگانی رۆڵی بینیبێت لە سەردەمی کۆندا؛ کە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانی زەریای هێمن'ـی بەو ناوچە و کۆمەڵگایانەوە بەستبووەوە کە لە شاخەکانی ئەندێس و حەوزی ئەمازۆن ژیاون.
ئەم شارە دێرینە نزیکەی 600 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و پێشبینی دەکرێت لە نێوان ساڵانی 1800 بۆ 1500 پێش زایین دروست کرابێت کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی شارستانییەتە سەرەتاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئاسیادا.
لە شاری تازە دۆزراوەی پێنیکۆ، پەرستگا و خانووی لە قوڕ دروستکراو دۆزراوەتەوە و لە باڵەخانەکانی ئەو شوێنەدا توێژەران کەلوپەلی ڕێوڕەسمی و پەیکەری گڵینی مرۆڤ و ئاژەڵ و گۆرەوییان دۆزیوەتەوە.
بە وتەی شارەزایان و لێکۆڵینەران، دۆزینەوەی ئەم شارە، دووبارە شاری 'کاراڵ' کە کۆنترین شارستانییەتە لە کیشوەری ئەمریکای باشوور دۆزرابووەوە لە رابردوودا، دەخاتەوە بەر لێکۆڵینەوە. بەو پێیەی کاراڵ وەک کۆنترین شارستانیەتی ناسراو لە ئەمریکا لە پێشتردا ناسرابوو کە لە دۆڵی سوپێ لە پیرۆ لە نێوان 5000 بۆ 3000 ساڵی پێش زایین دامەزراوە.
کاراڵ چەندین شوێنەوار لەخۆدەگرێت، لەوانە پێکهاتەی هەرەمی گەورە، کشتوکاڵی ئاودێری ئاڵۆز و نیشتەجێبوونی شارەکان. پێدەچێت بە جیابوونەوە لەگەڵ شارستانییەتە سەرەتاییەکانی دیکەی وەک هیندستان، میسر، سۆمەرییەکان و چین پەرەیسەندبێت.
دکتۆر ڕوت شادی، ئەو شوێنەوارناسەی کە سەرکردایەتی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییەی پێنیکۆ و هەڵکەندنی 'کاراڵی کردووە لە ساڵانی نەوەدەکاندا'، ڕایگەیاندووە، دۆزینەوەکە گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی شارستانیەتی کاراڵ چی بووە دوای ئەوەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لەناوچووە.
دکتۆر شادی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کۆمەڵگەی پێنیکۆ "لە شوێنێکی ستراتیژیدا هەڵکەوتووە بۆ بازرگانی، بۆ ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ کۆمەڵگاکانی کەناراوەکان و بەرزاییەکان و جەنگەڵەکاندا".
PM:12:58:07/07/2025
ئهم بابهته 692
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت