ژمارەی گیان لەدەستدان بە لافاوەکەی تەکساسی ئەمریکا ڕوو لە هەڵکشانە
وێستگەنیوز_
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 4ـی تەمووزی 2025، بارانی بە لێزەمە و ناکاو، ئاستی ئاوی ڕووباری گوادالوپی لە دووری 140 کیلۆمەتری شاری سان ئەنتۆنیۆ، 9 مەتر بەرز کردەوە. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی و گەشتیاران، بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمریکاوە هاتبوونە کەناری ڕووبارەکە و چەندان کەمپی گەنجان و قوتابیانیش لەوێ ساز کرابوون، بەو زیانێکی زۆری گیانی لێکەوتەوە و بەگوێرەی دوایین ئامار، ژمارەی گیان لەدەستدان بە لافاوەکەی تەکساس لە ئەمریکا، گەیشتە 82 کەس کە 28ـیان منداڵن و 41 کەسی دیکەش بێ سەروشوێننە.
بەگوێرەی میدیا ئەمریکییەکان، لاری لیسا، بەڕێوەبەری ناوچەی کییەر، ویلایەتی تەکساس دەڵێت: 68 هەشت کەس لە ناوچەی کییەر، مردوون و 10 کەسی دیکەش لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی ویلایەتی تەکساس، کە لافاوەکە گرتوونییەتەوە، مردوون. هەروەها تا ئێستا چارەنووسی 41 کەسی دیکە نادیارە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و ڕایگەیاند "لەوانەیە ڕۆژی هەینیی داهاتوو سەردانی ناوچەکە بکەم و بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسانی تەکساسدا هەیە و لە چۆنییەتی بارودۆخەکە ئاگادارم دەکەنەوە."
دۆناڵد ترەمپ پێش ئەوەی ویلایەتی نیوجیرسی بەرەو واشنتن بەجێ بهێڵێت، بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "لافاوەکەی تەکساس کارەساتێکی گەورەیە، یەکجار گەورە بوو. خوا پشت و پەنای هەمووان بێت، خوا ویلایەتی تەکساس بپارێزێت".
AM:11:05:07/07/2025
ئهم بابهته 252
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت