پارتە نوێیەکەی ئیلۆن مەسک بۆ چی ئامانجێک کار دەکات؟


وێستگەنیوز_

ئیلۆن مەسک بڕیاری دا پارتێکی نوێی سیاسی لە ئەمریکا دابمەزرێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئاستێکی خراپ.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکانی میدیا ئەمریکییەکان، ئەوەی درزی خستە نێوان ترەمپ و دەوڵەمەندترین کەسی جیهان و دامەزراندنی ئەم پارتەی لێکەوتەوە، یاسای باج و خەرجییەکان بوو، مەسک پێوایە، یاساکە حکومەتی ئەمریکا دەخاتە ژێر باری کورتهێنانێکی گەورە لە بودجەی فیدڕالیدا و دواجار وڵاتەکە مایەپووچ دەبێت و ئابوورییەکەی لاواز دەکات.  
 
دۆناڵد ترەمپ لە 4ی تەممووز، کە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکایە، یاساکەی واژۆ کرد، مەسکیش لە هەمان رۆژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راپرسییەکی کرد و گوتی ئەگەر زۆرینەی خەڵک بە باشی بزانێت، ئەوا پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت بۆ ئەوەی ببێتە رکابەری هەردوو پارتی سەرەکیی کۆماری و دیموکرات چونکە "دوو هەردوو پارتەکە سەری یەک مارن، یەک سیستم و سیاسەتیان هەیە، بەڵام بە دوو سیمای جیاواز". 
 
لە راپرسییەکەی مەسکدا، ملیۆنێک و 248 هەزار و 856 کەس دەنگیان دا. تێیدا 65.4% بە بەڵێ دەنگیان دا بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ بەناوی پارتی ئەمریکا و 34.6% بە نەخێر دەنگیان دا. 
 
بەگوێرەی وتەکانی و ئەوەی لە پۆست و قسەکانی مەسک'ـدا روون بووەتەوە، پارتەکە بۆ ئەم ئامانجانە کار دەکات:

1- باشکردن و زیادکردنی بازرگانیی ئازاد، واتە کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی، لابردنی ئەو سنوورەی بۆ بڕی هەناردە و هاوردە دادەنرێت بۆ ئەوەی کاڵاکان ئاسانتر و ئازادانەتر بەنێو سنوورەکاندا دەرباز ببن. 

2- مۆدێرنکردنی سوپای ئەمریکا لە رێگەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە چەک و کاروباری بەرگریدا.  

3- کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی. واتە چۆن؟ واتە دەیەوێت جیاوازیی نێوان داهات و خەرجییەکان کەمبکاتەوە. ئێستا حکومەتی ئەمریکا زۆر زیاتر لەو پارەیەی بە دەستی دێت، پارە خەرج دەکات. مەسک دەیەوێت ئەمە نەهێڵێت، چ بە زیادکردنی داهات بێت، یان بە کەمکردنەوەی خەرجی، بۆ ئەوەی لە یەک ئاستدا بن و کورتهێنان روونەدات. 
 
4- وەرگرتنی کۆچبەرانی خاوەن توانا و لێهاتوو بۆ ئەوەی لە ئەمریکا کاربکەن. 
 
5- یارمەتیدانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و کارئاسانیی بۆ کارەکانیان. 
 
6- کەمکردنەوەی کۆتوبەند و یاساکان بۆ ئەوەی کارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانی و کۆمپانیاکان بکرێت. 


PM:02:41:06/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت