ئەردۆغان: ئەم هەفتەیە لەگەڵ شاندی دەم پارتی كۆدەبینەوە
وێستگەنیوز-
سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، ئەم هەفتەیە لەگەڵ شاندی دەم پارتی كۆدەبنەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، پشتیوان بە خودا بەیەکەوە تورکیای بێ تیرۆر بنیاد دەنێنن.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 5ی تەموزی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان لە نێو فڕۆکەكەی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "بە دەستپێکی جێبەجێکردنی بڕیاری چەکدانانی پەکەکە، پرۆسەکە کەمێک زیاتر خێرایی بە خۆیەوە دەبینێت، بە تەواوی نەمانی چەک، خوێن و فرمێسک لە ڕۆژەڤی گەلەکەماندا، دەرگایەکی نوێ و فراوان لەبەردەمماندا دەکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم هەفتەیە لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبینەوە، لەم بارەیەوە حەسەن دۆغان، بەڕێوەبەری نووسینگەکەم پەیوەندییان پێوە دەکات و رێکەوتی دیدارەکە دیاری دەکات، لەو ڕۆژەدا پەروین بوڵدان و میتهات سانجار لە دەم پارتی بەیەکەوە دێن، لەم دیدارەدا ئەفکان ئاڵا، جێگری سەرۆکی گشتییمان و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت لەگەڵمدا دەبن و بەیەکەوە ئەم دیدارە ئەنجام دەدەین".
ئەردۆغان وتی، "چەکدانانی پەکەکە بۆ تورکیا لە بوارەکانی ئاسایش و دیموکراسی و گەشەپێدان دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ، سەبارەت بە ناونیشانی 'تورکیای بێ تیرۆر' هیچ کێشەیەک نییە".
لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە باسی لەوەکرد، "پێمانوایە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەروازەیەکی بۆ غەززەش کردووەتەوە، لایەنی حەماس دەیانجار نیازپاکی لەم بارەیەوە نیشانداوە".
هەروەها لە بارەی پرسی F-35، ئەردۆغان ڕایگەیاند، "بەلای ئێمەوە پرسی F-35 تەنیا پرسێکی تەکنەلۆجیای سەربازیی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پرسی هاوبەشی بەهێزە لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا بەتایبەتی ناتۆ، لەو باوەڕەدام دۆناڵد ترەمپ پابەند دەبێت بەو رێککەوتنەی ئانجاممانداوە، پێموایە رادەستکردنی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا لە سەردەمی ئەودا بە ئەنجام دەگات".
سەبارەت بە سوریا سەرۆک کۆمار تورکیا دەڵێت، "دەتوانین لە باکووری سوریا مۆدێلگەلی وەک ناوچەکانی بازرگانی ئازاد، بنکەی لۆجستی، بازاڕەکانی سەر سنوور جێبەجێ بکەین، هەروەها بە ڕوونی جەختمان لەسەر هێڵە سوورەکانمان لە سوریا کردەوە. پلانێک قبووڵ ناکەین کە رەوایەتیی بدات بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان یان درێژکراوەکانیان".
PM:04:33:05/07/2025
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت