روسیا هێرشێكی گه‌وره‌ی كرده‌سه‌ر ئۆكرانیا
وێستگه‌نیوز-
له كاتێكدا ڤۆلۆدیمیر زێلنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه روسیا یه‌كێك له گه‌وره‌ترین هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی له سه‌ره‌تای جه‌نگه‌وه ده‌ستپێكردووه، وته‌بێژی هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا رایگه‌یاند، ئه‌و هێرشانه‌ی شه‌وی رابردوو روسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد، به‌رفراوانترین هێرشه‌كانه له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌وه له ساڵی 2022.
یوری ئیگنات وته‌بێژی هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا به ته‌له‌فزیۆنی وڵاته‌كه وت كه "دوژمن به ژماره‌یه‌كی زۆر زۆر فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشی كردووه... گه‌وره‌ترین ژماره‌یه كه دوژمن له یه‌ك هێرشدا به‌كاریهێناوه".
ئۆكرانیا رایگه‌یاند كه روسیا له شه‌وێكدا 550 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و مووشه‌كی به‌ره‌و خاكه‌كه‌ی هه‌ڵداوه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه مۆسكۆ هێرشه ئاسمانییه‌كانی چڕتر كرده‌وه و دانوستانه‌كانی ئاشتی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا گه‌یشته بنبه‌ست.
هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردوودا مۆسكۆ 539 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و 11 مووشه‌كی ئاراسته‌ی ئۆكرانیا كردووه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه یه‌كه‌كانی به‌رگری ئاسمانی 268 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و دوو مووشه‌كیان خستۆته خواره‌وه.
پێشتر ڤادیم ڤیلاشكین، فه‌رمانڕه‌وای هه‌رێمی دۆنیتسك رایگه‌یاندبوو، له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی روسیا له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا لانیكه‌م پێنج كه‌س كوژراون. 12 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
له شاری پۆكرۆڤسك له نزیك هێڵی پێشه‌وه دوو كه‌س كوژران و سێ كه‌سی دیكه‌ش له گونده‌كانی بێلێنكی و ئیلینیڤكا كوژران. ڤیلاشكین دیسانه‌وه داوای له دانیشتوانی ناوچه‌كه كرد كه به‌ره‌و ناوچه ئارامه‌كان هه‌ڵبێن.
زیاتر له سێ ساڵه ئۆكرانیا به پاڵپشتی وڵاتانی رۆژئاوا به‌ره‌نگاری له‌شكركێشییه‌كی به‌رفراوانی روسیا بووه‌ته‌وه.
PM:01:38:04/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 312
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت