تامی بروس: بڕیاری ئێران بۆ راگرتنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆم جێگای قبوڵكردن نییه
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2ی ته‌مموزی 2025 وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه له دوو هه‌فته‌ی رابردوودا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ هه‌میشه "گۆڕانكاری ریشه‌یی" به‌سه‌ردا هات، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه بڕیاری ئێران بۆ راگرتنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم جێگای قبوڵكردن نییه.
تامی بروس وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی: "هه‌نگاوی ئێران بۆ راگرتنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی له كاتێكدا كه ده‌رفه‌تێكی زێڕینی له‌به‌رده‌مدایه بۆ پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی رێڕه‌و و هه‌ڵبژاردنی رێگای ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی و جێگه‌ی قبوڵكردن نییه".
وتیشی: " له‌ماوه‌ی دو هه‌فته‌ی رابردودا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕانكارییه‌كی زۆر ریشه‌یی به‌خۆیه‌وه بینیوه، بۆ هه‌میشه گۆڕاوه، ئه‌مریكا له‌م جیهانه نوێیه‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕیارێكی جیاواز بدات، سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپیش به‌وه گه‌شبینه".
جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه "ئێران ده‌بێت به ته‌واوی و بێ دواكه‌وتن هاوكاری بكات، هه‌روه‌ها به ته‌واوی پابه‌ند بێت به رێككه‌وتنی پارێزبه‌ندی خۆی به‌پێی په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی بڵاوبونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی، له‌وانه‌ش پێدانی زانیاریی پێویست به ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم بۆ رونكردنه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی پرسیاره درێژخایه‌نه‌كان سه‌باره‌ت به مادده ئه‌تۆمییه رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌كان له ئێران، هه‌روه‌ها دابینكردنی ده‌ستڕاگه‌یشتنێكی بێ سنور بۆ دامه‌زراوه‌ی پیتاندنی چه‌كی ئه‌تۆمی".
وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا راشیگه‌یاند كه "ئێمه به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه چاوه‌ڕوانی راپۆرتی وردی زیاتری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی دۆناڵد تره‌مپدا پێشكه‌وتنی گه‌وره‌مان له‌م بواره‌دا به‌ده‌ستهێناوه و ئێران ناتوانێت خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی بێت".
PM:11:30:02/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 948
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت