عەلی شەمخانی: ئیسرائیل لەلایەن منەوە زۆر ئازار دراوە
وێستگەنیوز-
راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت، لە هێرشەکانی ئیسرائیل نەترساوە، ئاماژە بەوەشدەکات، دانوستانەکان بۆ رێککەوتن نەبوون، بەڵکو بۆ فریودانی ئێران بوون.
ئەمڕۆ شەممە 28ی حوزەیرانی 2025، عەلی شەمخانی، راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە میانەی چاوپێکەونێکی تەلەفیزیۆنیدا لە کەناڵی مێهر رایگەیاند، "بەر لەوەی ماڵەکەم بۆمباران بکرێت، من لە ژووری خۆم نووستبووم، خێزانەکەشم لە ژوورەکەی تەنیشتم خەوتبوو، کاتی نوێژ نزیک ببووەوە خەریک بوو بە ئاگا دەهاتم، لە پڕ هەموو ژوورەکەم بەسەر یەکدا کەوت، بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەژێر داروپەردووی ماڵەکەمدا مامەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "کاتێک داروپەردووی ژوورەکەم بەسەرمدا کەوت، سەرەتا وامزانی بوومەلەرزە بووە، بەڵام دواتر گوێم لە دەنگی ئۆتۆمبێل بوو زانیم بوومەلەرزە نییە و ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەرمان".
شامخانی لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە وتی، "قەفەزەی سینگم شکاوە، هەروەها سەرەتا هەواڵی ناڕاستیان بڵاوکردەوە کە وتیان قاچمیان بڕیوەتەوە، بەڵام قاچم نەبڕاوەتەوە".
راشیگەیاند، "دەزانم بۆچی ئیسرائیل ئامانجی بوو من تیرۆر بکات، بەڵام ئێستا ناتوانم باسی هۆکارەکەی بکەم، تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە ئیسرائیل لەلایەن منەوە زۆر ئازار دراوە".
راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی، "تەنانەت بۆ ساتێکیش لە هێرشی ئیسرائیل نەترساوم"، جەختی لەوەشکردەوە، "دەمانزانی هێرش دەکرێتە سەرمان، بۆیە پلانێکیشمان دانابوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە، چونکە ئێمە دەزانین تواناکانمان چەندە".
لەبارەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە دەڵێت، "دانوستانەکان بۆ رێککەوتن نەبوون، بەڵکو بۆ فریودانی ئێمە و دروستکردنی پشێوی بوو لە وڵاتەکەمان، بەڵام خەڵکی ئێمە وانەیەکیان دا بە ئەمریکییەکان و کە تێگەیشتن ئەوان گەمژەن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی شەمخانی وتی، "ئێرانییەکان جارێکی دیکە سەلماندیان کە نیشتمانپەروەرن و سەروەری قبوڵ دەکەن".
PM:11:18:28/06/2025
ئهم بابهته 1580
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت