ئایا بەریتانیا وەک هاوپەیمانی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران بەشدار دەبێت؟


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، حکومەتەکەى و لیژنەی فریاگوزاری کۆبرای ئاگادار کردووەتەوە کە لە حاڵەتى ئامادەباشیدابن بۆ ئەگەرى هێرشى ئەمریکا بۆ سەر ئێران. بەرپرسێکیش هۆشداری دەدات لەوەی، "بەشداریکردنی بەریتانیا نایاسایی دەبێت".

تەلەگرافی بەریتانی لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە ئاشکرای کردووە، سەرۆک وەزیران دواى گەڕانەوەى لە لوتکەى گروپى حەوت لە کەنەدا، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەى لیژنەى فریاگوزاریی شارستانى کردووە و بارودۆخەکەى بە مەترسیدار ناوبردووە و داوای کردووە حکومەت لە ئامادەباشیدابێت.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بەکارهێنانی بنکەی دیگۆ گارسیا لەلایەن واشنتنەوە، بەریتانیا نزیک دەکاتەوە لە ململانێکان.

لە بەرامبەردا، لۆرد هێرمەر، ئەندامی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیران بەوەی کە، ت"ێوەگلانی بەریتانیا لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکرێت نایاسایی بێت."

دەشڵێت، "پێمان وایە هۆشدارییەکانمان لە شوێنی خۆیەتی، دەبێت بەریتانیا خۆی بە دوور بگرێت لە تێوەگلان لەو هێرشانەی هاوپەیمانەکانی ئەنجامی دەدەن و بەشداریکردنی راستەوخۆش بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی سنووردار بکات".

تەلەگراف زیاتر ڕوونی کردووەتەوە و نوسیویەتی: بۆ بڕیاردان، لیژنەی کۆبرا دەبێت راوێژی یاسایی لەلایەن داواکاری گشتی بەریتانیاوە لەبەرچاو بگرێت و بیانووی باشیش لەبەردەستن بۆ رەتکردنەوەی ئەو داواکارییە.

باسی لەوەشکردووە، بە پێدانی مۆڵەت و بەشداریکردنی لە هێرشکردنە سەر ئێران، بەریتانیا مەترسی هاوبەشی ئەخلاقی و یاسایی ئەم جەنگە شان بە شانی ئەمریکای هاوپەیمانی هەڵدەگرێت. رێگە دەدات بنکەکانی لە لایەن ئێرانەوە بکرێنە ئامانج بەبێ ئەوەی هیچ سوودێک لەم جەنگە ببینێت یاخود گۆڕانکاری لە سیاسیەتی ئەمریکادا بکات.

لە لایەکی دیکەشەوە، سەرۆک وەزیرانێکی زۆر ئازا و بوێری دەوێت بۆ ئەوەی داواکارییەکی لەو شێوەیەی کۆشکی سپی لەسەر بابەتێکی گرنگی ستراتیژی رەت بکاتەوە. بەو واتایەی، لە هەردوو دۆخەکەدا، بڕیاردان بۆ بەریتانیا قورس دەبێت.

هەتا ئێستا ئەمریکا بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر ئێران رانەگەیاندووە، بەڵام رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەسەر زاری چەند کەسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان دەڵێت، "ترەمپ پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پەسەند کردووە".
 
بە وتەی ئەو کەسانەی قسەیان بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە، "ترەمپ هەرچەندە پلانەکەی پەسەند کردووە، چاوەڕێ دەکات بزانێت تاران واز لە پرۆگرامی ئەتۆمییەکەی دەهێنێت یان نا.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بڕیاری داوە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێشتر وتی: "رەنگە بیکەم، رەنگە نەیکەم." 

ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش بەردەوامی هەیە و بەرەبەیانی ئەمرۆ ئێران هێرشێکی تووندی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 30 کەس برینداربوون. ئیسرائیلیش هەرەشەی وەشاندنی زەبری تووند دەکات و دەڵێت "دەبێت تاران باجی زۆر گەورە بدات".


PM:12:23:19/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت