ئێران: بۆردومان کردنی نەخۆشخانەکەی ئیسرائیل بە مەبەست نەبووە
وێستگەنیوز_
ئێران دووپاتی دەکاتەوە، بارەگای سەرەکیی سوپای ئیسرائیل ئامانجی هێرشەکەیان بووە، نەک نەخۆشخانەی سۆرۆکا.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی 6ـی 2025، میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئێران بە زیاتر لە 25 مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی تەلئەبیب و لە ئەنجامدا زیاتر لە "30 کەس بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە."
لە لێدوانێکیدا، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتی: "ئێران لە هێرشەکەی ئەمڕۆیدا نەخۆشخانەی سۆرۆکای هەزار قەرەوێڵەیی و شوێنێکی نیشتەجێبوونی بۆمباران کردووە و بە مەبەست هاوڵاتیانی مەدەنی دەکوژێت."
لە بەرامبەردا ئاژانسی تەسنیمی ئێران لە زاری ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، "ئامانجی سەرەکیی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بارەگای گەورەی فەرماندەیی و ناوەندی هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل بووە کە دەکەوێتە تەنیشت نەخۆشخانەکە."
بە گوێرەی ئاژانسەكە، ناوەندەكە شوێنی مانەوەی هەزاران کارمەندی سەربازی و سیستەمی فەرماندەیی دیجیتاڵی و ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای ئیسرائیلە.
دووپاتیشی دەکاتەوە، "بە مەبەست نەخۆشخانەکە نەکراوەتە ئامانج".
لای خۆشیەوە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بێ وەڵام نامێنێتەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئەم بەیانییە ئێران کردییە سەر ئیسرائیل و تاران باجێکی گەورە دەدات.
AM:10:47:19/06/2025
ئهم بابهته 1012
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت