عەباس عێراقچی: رژێمی ئیسرائیل هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاند
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی حوزەیرانی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ باڵوێز، بەرپرسانی کاروباری دەرەوە و بەرپرسی نوێنەرایەتییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی نیشتەجێی تاران لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی رایگەیاندووە، "هێرشەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر ئامانجە جۆراوجۆرەکان لە ئێران بەبێ هیچ پێشەکییەک دەستیپێکرد، ئەمەش بە دەستدرێژی بۆ سەر خاکی ئێران دادەنرێت، هەروەها هێرش کرایە سەر ئامانجە جۆراوجۆرەکان کە گرنگترینیان دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز بوو، جگە لەوەش هەندێک ئامانج لە ناوخۆی تاران کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاسایی لە تاران و شارە جۆربەجۆرەکان".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمەش لە کاتێکدا روویدا کە ئێمە لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا بووین لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ خولی شەشەم بەڕێوەبچێت، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوە درا".
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، "رژێمی ئیسرائیل دان بە هیچ سنوورێکدا نانێت لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە فەلەستین نەک هەر منداڵ و ژنی بێتاوان کوژران، بەڵکو مافەکانی مرۆڤ و هەموو پێوەرەکانی نێودەوڵەتیش لە غەززە پێشێلکران. ئەمجارە ئیسرائیل لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا هێڵی سووری نوێی بەزاند، کە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بوو، کە لە هەموو بارودۆخێکدا قەدەغەیە".
لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەشکرد، "لە روانگەی ئێمەوە ئەمریکا هاوبەشە لەم هێرشانەدا و دەبێت ئەم بەرپرسیارێتییە قبوڵ بکات، هەروەها ئێمه ئامادەنیین بۆ هەر رێککەوتنێک که لە مافی ئەتۆمی بێبەشمان بکات".
AM:10:03:15/06/2025
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت