ملیۆنێک و 500 هەزار حاجی بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێکەوتوون
وێستگەنیوز_
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ملیۆنێک و 500 هەزار حاجی بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێکەوتوون و تەواوی رۆژەکە لەوێ بەسەردەبەن و یەکێک لە ئەرکە ئاینییە گرنگەکانی حەج جێبەجێ دەکەن.
چیای عەرەفە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی مەككە، لەسەر ئەو ڕێیەی كە بە ناوچەی تەیفەوە دەبەستێتەوە، نزیكەی 22 كیلۆمەتر دوورە، هەروەها 10 كیلۆمەتر لە مینا و شەش كیلۆمەتر لە موزدەلیفا دوورە. بەرزی شاخەکە نزیکەی 300 مەترە و لە ناوەندیدا لوتکەیەک هەیە کە بەرزییەکەی دەگاتە حەوت مەتر و بووەتە هۆکاری جیاکەرەوەی لەگەڵ کێوەکانی دیکەدا.
وەستان یاخود (وقفات)، لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ڕۆژی نۆیەمی زولحیجە، حاجیان مینا بەجێدەهێڵێن و بەرەو عەرەفە دەكەونە ڕێ، بۆ ئەوەی لەوێ بوەستن و نزا بكەن، وەستان لە عەرەفە بە بوونی حاجی لە هەر شوێنێكی عەرەفە بەدەست دێت، جا چ وەستابێت، سواری بێت، یان پاڵ كەوتبێت، بەڵام ئەگەر حاجی لە سنووری عەرەفەدا نەوەستێت كە لەم ڕۆژەدا دیاری كراوە، زیارەتی حەجی تەواو نابێت.
وەستان لە عەرەفە بە گرنگترین پایەی زیارەت دادەنرێت، دوای نوێژی نیوەڕۆ، وەستان لە عەرەفە دەست پێ دەكات تا نوێژی عیشا؛ و لەو کاتەدا حاجیان بەردەوام دەبن لە دوعا و نزا و پاڕانەوەکانیان.
بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، زیاتر لە 1.5 ملیۆن حاجی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەرەو چیای عەرەفە بەڕێکەوتوون.
AM:09:21:05/06/2025
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت