راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل


ویستگەنیوز_

وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆسەر پارێزگای دەرعا کرد و رایگەیاند، زیانی گەورەی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە. دووپاتیشی دەکاتەوە، "سووریا بۆ هیچ لایەنێک هەڕەشە نییە."
 
ئەمرۆ چوارشەممە 4ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سووریا راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای دەرعا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پێمانوایە زۆر لایەن هەن کە رەنگە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بدەن بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان."
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەیان بۆ راستی و دروستیی بانگەشەکەی ئیسرائیل نەکردووە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە سووریا هەڕەشە نەبووە و نابێت بۆ هیچ لایەنێک لە ناوچەکە، کاری لەپێشینەی ئێمە لە باشووری سووریا بریتییە لە فراوانکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆتایی هێنان بە بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکان، بە شێوەیەک کە گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو هاوڵاتییان مسۆگەر بکات."

هێرشەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاند، دوو مووشەک لە باشووری سووریاوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لەناو خاکی سووریا کراون، "هەر زووش تۆپخانەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر دەوروبەری شاری دەرعا."
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەرپرسیاری سەرەکیی هێرشەکەیە، ئێمە سەرۆکی سووریا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە بەرپرس دادەنێین لە هەر هەڕەشە و هێرشێک کە ئاراستەی دەوڵەتی ئیسرائیل بکرێت؛ و بەمزووانە وەڵاممان دەبێت."
 


AM:10:42:04/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو