خامنەیی بۆ واشنتن: پێشنیازەکەتان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی دژ بە بنەماکانی هێزی ئێرانە و دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین
وێستگەنیوز_
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارێکدا باسی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی کرد و بە واشنتن دەڵێت: "ئێوە کێن تا بە تاران بڵێن دەتوانن بەرنامەی ئەتۆمیتان هەبێت؟"
لە 36ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی، یەکەم رێبەری شۆرشی ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی رایگەیاند، "پێشنیازی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی؛ دژ بە بنەماکانی هێزی ئێرانە و دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین."
عەلی خامنەیی دەڵێت، "ئەمریکا دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام سەربەخۆیی واتای ئەوەیە چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و هاوشێوەکانی نەکەین."
جەختیشی لەوە کردەوە کە، هێزی وڵاتەکەیان لە هەموو بوارەکاندا زیاد دەکەن و "پێشنیازەکەی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، 100% دژ بە بنەمای هێزی ئێمەیە." دەشڵێت، "ئەمڕۆ دەتوانین سووتەمەنیی ئەتۆمی بەرهەم بهێنین."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرخۆدان واتە کڕنۆش نەبردن بۆ ئیرادەی زلهێزەکان، بنەمایەکی دیکەی سەربەخۆیی نەتەوەیی بریتییە لە بەرزکردنەوەی دەسەڵاتی بەرگری وڵات، ئەمڕۆش گەنجەکانمان ئاشنان بە پرسی باوەڕ بەخۆبوون و بەرخۆدان و شوناسی شۆڕشیش پارێزراو بوو."
دووپاتی کردەوە کە، "ئێران بە هۆی هەوڵی زۆرەوە توانی سووڕێکی تەواوی سووتەمەنی ئەتۆمی هەبێت. پیشەسازی ئەتۆمی تەنها بۆ وزە نییە. پیشەسازی ئەتۆمی پیشەسازییەکی بنچینەییە. زۆرێک لە بوارە زانستییەکان کاریگەری پیشەسازی ئەتۆمییان لەسەرە. پیتاندنی یۆرانیۆم کلیلی پرسی ئەتۆمییە و دوژمنانیش دەستیان خستۆتە سەر بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆم و نایانەوێت ئێران توانای پیتاندنی هەبێت."
بە وتەی خامنەیی، زیاتر لە 1000 پیلانیان لە دژی وڵاتەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە و وەڵامی هەندێکیان دراوەتەوە. "پیلانەکان وڵاتەکەمانیان کردبووە ئامانج بۆ لاوازکردنی، بەڵام ئێمە لاواز نەبووین، بەڵکو تواناکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەدا زیادیکرد."
AM:09:42:04/06/2025
ئهم بابهته 456
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت