پێشنیاری نوێی ئه‌مریكا بۆ ئێران ئاشكرا كرا
وێستگه‌نیوز-
دوو سه‌رچاوه‌ی ئاگادار بۆ ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی ئیسرائیلی (واڵا) ورده‌كارییه‌كانی پێشنیارێكی ئیداره‌ی ئه‌مریكایان بۆ ئێران ئاشكرا كرد سه‌باره‌ت به به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، به‌پێی پێشنیاره‌كه‌ش، رێگه به ئێران ده‌درێت له پیتاندنی یۆرانیۆم به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام به‌ڕێژه‌یه‌كی سنوردار.
ماڵپه‌ڕی "واڵا"ی ئیسرائیلی له زاری ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌وه كه ناوه‌كانیان ئاشكرا نه‌كراوه، بڵاویكرده‌وه كه ئه‌و پێشنیاره هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران له‌خۆناگرێت و ڕێگه به تاران ده‌دات به‌رده‌وام بێت له پیتاندنی یۆرانیۆم تا رێژه‌ی سه‌دا 3 ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن بكرێت.
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه به‌پێی پێشنیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا، ئێران ڕێگه‌ی پێبدرێت پیتاندنی سنورداری یۆرانیۆمی كه‌م پیتێنراو له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی ئه‌نجام بدات، بۆ ماوه‌یه‌ك كه له چوارچێوه‌ی دانوستانه به‌رده‌وامه‌كانی نێوان هه‌ردولادا دیاری ده‌كرێت.
ئه‌م پێشنیاره كه ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه به نیشانه‌ی نه‌رمی له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه وه‌سفیان كردوه، پێچه‌وانه‌ی لێدوانه گشتییه‌كانی هه‌ردوو نوێنه‌ری كۆشكی سپی ستیڤ ویتكۆف و ماركۆ رۆبیو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكایه، كه چه‌ندینجار جه‌ختیان له‌وه كردوه‌ته‌وه كه واشنتۆن رێگه به هیچ جۆره پیتاندنێك نادات له ناوخۆی ئێران و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی ژێرخانی ئه‌تۆمی ئێران ده‌كات.
دوو سه‌رچاوه‌كه رایانگه‌یاندووه كه "پێده‌چێت ئه‌و پێشنیاره گرژییه‌كانی نێوان ئیداره‌ی تره‌مپ و حكومه‌ته‌كه‌ی بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل زیاتر بكات، كه له‌مێژه داوای سیاسه‌تی توندتر به‌رامبه‌ر به ئێران ده‌كات و هه‌ر سازشێكی ره‌تكردۆته‌وه كه ڕێگه‌ی پێبدات توانای ئه‌تۆمی بپارێزێت، هه‌رچه‌نده سنووردار بێت".
PM:11:50:02/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 1092
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت