هەسەدە و دیمەشق بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی "شەرع - عەبدی" دەکەن
وێستگەنیوز-
لە کۆتا کۆبوونەوەی شاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" و حکومەتی سوریا کە دوێنێ یەکشەممە 1ی حوزەیرانی 2025، ئەنجامدرا لەسەر چەند دۆسییەک رێککەوتن کراوە.
رۆژنامەی "الشرق الأوسط" بڵاویکردەوە، عەمید زیاد ئەلعایش، ئەندامی لیژنەی تایبەت بە رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و گیانی بەرپرسیارێتی و پەرۆشیی هاوبەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی بەڕێوەچوو".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو شاندەکە لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگ رێککەوتوون، دیارترینیان پێکهێنانی لیژنەی لاوەکیی پسپۆڕییە، ئەم لیژنەیە ئەرکی بەدواداچوون دەبێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، کە لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی واژۆ کرابوو".
هەروەها بەپێی وتەی عەمید زیاد ئەلعایش بێت، رێککەوتن کراوە لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتنی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، بە جۆرێک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکات، هەروەها ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوان لە نێوان هەردوولا کۆتایی بێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رێکارەکانی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و کارکردن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی رێگرن لە گەڕانەوەیان کرا".
ئەوەشی وت، "لە خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە باس لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە تاقیکردنەوە و ناوەندەکانی تاقیکردنەوە و دەستەبەرکردنی مافەکانی خوێندکاران و یەکپارچەیی پرۆسەی خوێندن کرا".
ناوبراو وتیشی، "رێککەوتووین لەسەر دیاریکردنی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەوانەی لەسەری رێککەوتوون".
PM:06:19:02/06/2025
ئهم بابهته 588
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت