سعودیە: زیاتر لە 269 هەزار کەس کە دەیانویست بە قاچاخ حەج بکەن؛ دەستگیرکراون


وێستگەنیوز_

بە مەبەستی رێگریکردن لە حەجی نایاسایی؛ سعودیە رایدەگەیەنێت، توانیویانە ڕێگریی لە دزەکردنی زیاتر لە 269 هەزار کەس بکەن، کە هەوڵیان داوە بە نایاسایی و بە ڕێگەی قاچاخ دەربازی ناو شاری مەککە. هاوکات، "توانراوە دەست بە سەر 109 هەزار و 632 ئۆتۆمبێلدا بگرن."

محەممەد بەسامی، بەڕێوەبەری گشتیی تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی زیارەتکارانی نایاسایی لە وەزارەتی ناوخۆی سعودیە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە شکست بە دزە کردنی 269 هەزار و 678 نیشتەجێی سعودیە بهێنن، کە بەنیاز بوون بە قاچاخ بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دزە بکەنە مەککە، چونکە مۆڵەتی ڕێگەپێدانیان نەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، توانراوە 75 هەزار و 943 سەرپێچیکار و 252 حەملەداری نایاسایی دەستگیر بکەن، لەگەڵ ئەمەشدا توانراوە دەست بە سەر 109 هەزار و 632 ئۆتۆمبێلدا بگرن.

هەروەها هۆشداری داوە، هەر کەسێک هەوڵی دزەکردن بدات، توندترین سزای دەدەن، هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی حەجی ئەمساڵ جگە لە کارت و سیستەمی ئەلیکترۆنی، لە دەروازەی مەککەی پیرۆز، درۆنێک بەکار دەهێنن، کە بە کامێرایەکی ورد و شیکارکردنی زانیارییەکان پاڵشپتی دەکرێن لە ڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی حەجی سعودیە، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 475 هەزار و 230 کەس لەسەرتاسەری جیهان بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونەتە ئەو وڵاتە. ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی ڕابردوو لە هەمان کاتی وەرزی حەج کردندا، رێژەکە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس بوو.

هاوکات، چەند جارێکوەزارەتی حەجی سعوودیە هۆشداری داوە، هەر کەس بە ڕێگەی نایاسایی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ڕوو لە سعوویە بکات و دەستگیر بکرێت، جیا لەوەی دیپۆرتی وڵاتەکەی دەکرێتەوە، بە بڕی پێنج هەزار دۆلاری ئەمریکی سزای پێبژاردنی ماددیی بۆ دەکرێت.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، بەهۆی کاری نایاسایی و سەرپێچی بڕیارەکان، مۆڵەتی کارکردنی نزیکەی 400 کۆمپانیایان لەسەرتاسەری جیهاندا هەڵوەشاندووەتەوە.


AM:10:39:02/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت