ناوەڕۆکی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ ئێران چی لە خۆگرتووە؟
وێستگەنیوز_
ماڵپەڕێکی جیهانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمریکا پێشنیازێکی نوێی بۆ ڕێککەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەوە پێشکەشی ئێران کردووە؛ تارانیش دەڵێت: "بەگوێرەی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکەمان، وەڵامی واشنتن دەدەینەوە".
پێگەی 'ئەکسیۆس'ـی ئەمریکی ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئەمریکا داوادەکات کە، "ناوەندێکی هەرێمی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆم بەسەرپەرشتی ئەمریکا بنیات بنرێت و ئێران ببێتە ئەندام تیایدا، بەو شێوەیە دەتوانێت وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتی بەرهەم بهێنێت، بەڵام بەو مەرجەی تاران هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت: پێشنیازەکەی ئەمریکایان بەدەست گەیشتووە و لەسەر بنەمای بەرژوەندییە باڵاکانیان وەڵامی واشنتن دەدەنەوە.
ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە، "ئەم پێشنیازەی ئەمریکا بەرهەمی کۆتا گەڕی دانوستانی تاران و واشنتن بووە لە ڕۆما، ئێستاش ئەمریکا پێشنیازەکەی کردووە بە نووسراو و لە لایەن عوممانی نێوەندگیرەوە پێشکەش کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نوێترین ڕاپۆرتی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "ئێران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاد کردووە، ئێستا وڵاتەکە 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی 60% هەیە، کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ زیاترە."
PM:02:43:01/06/2025
ئهم بابهته 744
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت