دادوه‌رێك بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ رێگریكردن له وه‌رگرتنی خوێندكاری بیانی له زانكۆی هارڤارد راده‌گرێت
وێستگه‌نیوز-
خانمە دادوه‌رێكی ئه‌مریكی رایگه‌یاند كه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی رێگری له بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌كات بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی وه‌رگرتنی خوێندكاری بیانی له زانكۆی هارڤارد و بڕیاره‌كه راده‌گرێت.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، دادوه‌ر ئه‌لیسۆن بورۆس، له كه‌مپی ماساچوستس له زانكۆی هارڤارد، له میانی دانیشتنێكیدا ڕۆژی پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند كه "جۆرێك له جۆره‌كانی پاراستن ده‌به‌خشێت به خوێندكاره بیانییه‌كان" له‌و دامه‌زراوه به‌ناوبانگه‌دا.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌وڵده‌دات وه‌رگرتنی خوێندكاری بیانی له زانكۆی هارڤارد قه‌ده‌غه بكات و گرێبه‌سته‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و چه‌ندین ملیار دۆلار هاوكارییه‌كانی كه‌مبكاته‌وه و پێداچوونه‌وه به پێگه‌كه‌ی وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌خشراو له باج بكرێت.
به‌پێی ماڵپه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی زانكۆكه كه به یه‌كێك له باشترین زانكۆكانی جیهان داده‌نرێت و 162 خوێندكاری خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رگرتووه، ئه‌مساڵ نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار و 700خوێندكاری بیانی وه‌رده‌گرێت، كه ده‌كاته سه‌دا 27ی كۆی گشتی خوێندكاران.
زانكۆكه له دادگا تانه‌ی له بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ داوه. دادوه‌ر ئه‌لیسۆن بورۆس پێشتر رێوشوێنه‌كانی حكومه‌تی راگرتبوو تا دانیشتنی دوێنێ پێنجشه‌ممه.
له میانی دانیشتنه‌كه‌دا رایگه‌یاند كه ئه‌و رێوشوێنه بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار راده‌گرێت، دوای ئه‌وه‌ی بووه هۆی دروستبوونی ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌نێو خوێندكاران و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا له سه‌رانسه‌ری ئه‌مریكادا.
AM:10:14:30/05/2025
ئه‌م بابه‌ته 356
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت