پاش 25 ساڵ بۆ یەکەمجار سەرۆکی ئەمریکا و سووریا کۆبوونەوە


وێستگەنیوز_

لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا لە سعوودیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا کۆبووەوە. 
 
میدیای فەرمیی تورکیا رایگەیاندووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئۆنلاین بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیەشی تێدابووە.
 
ئەمە یەکەم جارە لە ماوەی 25 ساڵدا، سەرۆکانی سووریا و ئەمریکا یەکدی ببینن. 
 
بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی ترەمپ کە دوێنێ سێشەممە 13ـی ئایاری 2025 بڵاویکردەوە، رایگەیاندبوو کە "کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ سڵاو کردنێکە."
 
دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکیدا لە لوتکەی سعوودی-ئەمریکی لە ریاز رایگەیاند، سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگرێت.

شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم کۆبوونەوەیە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەراست. 

بەو پێیەی، رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا، وەکو شکستێک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەیر دەکرێت، ئەوەش دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ سعودیە تاوەکو هەژموونی ئێران لە جیهانی عەرەبیدا سنووردار بکات، بەڵام، تەنها لابردنی ئەسەد بەس نییە بۆ چەسپاندنی پێگەی سعوودیە و تورکیا لە سووریا.ئەوەی هەردوو وڵات پێویستیان پێیەتی، حکومەتێکی سەقامگیرە لەژێر سەرکردایەتیی شەرعدا کە توانای گێڕانەوەی ئاسایش و ئاسانکاری بۆ بووژانەوەی ئابووری و سەرکردایەتییکردنی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەی هەبێت کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە. 


AM:11:10:14/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت