حووسییەکان: دەنگۆی رێککەوتنمان لەگەڵ ئەمریکا درۆیە و دەیانەوێت توانا سەربازییەکانمان کەم بکەنەوە
وێستگەنیوز_
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتنێکی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن راگەیاند، گروپی حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان لە دژی ئیسرائیل دەکەن.
مەهدی مەشات، سەرۆکی حووسییەکان بە ئاژانسی هەواڵی سەبا'ـی یەمەنی وتووە: "بزووتنەوەکە بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە غەززە، و لەمەودوا دەبێت ئیسرائیل لە پەناگەدا بمێنێتەوە یان دەستبەجێ وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن و بڕۆن، چونکە حکومەتە شکستخواردووەکەی چیتر ناتوانێت پارێزگاری لە هاوڵاتیانی ئێوە بکات".
دووپاتیشی کردووەتەوە کە "یەمەن هیچ دەست ناپارێزێت و هێرشەکانی بۆ پشتیوانی براکانی لە فەڵەستین ڕاناگرێت، تا ئەو کاتەی هێرشەکان و گەمارۆکان بۆ سەر غەززە هەڵدەگیرێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 6ـی 5ـی 2025، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان پێشتر ڕایگەیاند "یەمەن و ئەمریکا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا."
هەروەها لە هەمان رۆژدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کۆبووەوە. پاش کۆبوونەوەکە ترەمپ قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و سەرەتا باسی لە حووسییەکان کرد و وتی، حوسییەکان بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە "خۆیان ڕادەست دەکەن و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا ڕادەگرن، ئیدی ئێمەش هێرشەکانمان لە دژیان ڕادەگرین."
فەریق عابد محەممەد سەور، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئیدارەی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە سەنعا دەڵێت: ئێمە ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە ئەمریکییەکانمان ئاگادارکردبێتەوە بەوەی دەمانەوێت شەڕەکە ڕابگرین، درۆیە، ترەمپ هەوڵدەدات توانا سەربازییەکانی یەمەن کەم بکاتەوە، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئێمەی نەترساندووە.
AM:08:49:07/05/2025
ئهم بابهته 196
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت