ئیسرائیل 18 هێرشی بۆسه‌ر ناوچه جیاوازه‌كانی سوریا ئه‌نجام دا
وێستگه‌نیوز-
شه‌وی هه‌ینی له‌سه‌ر شه‌ممه، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل، 18 هێرشیان بۆسه‌ر ئامانج و ناوه‌نده سه‌ربازییه‌كان له ناوچه جیاوازه‌كانی سوریا ئه‌نجام دا، كه به توند‌وتیژترین هێرشه‌كان داده‌نرێت له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه.
سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند كه هێرشی ئاسمانی ده‌ستپێكردووه و ژێرخانی سه‌ربازی له سوریا كردووه‌ته ئامانج.
سوپای ئیسرائیل له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه به فڕۆكه‌ی جه‌نگی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر "بنكه‌ی سه‌ربازی و دژه فڕۆكه و ژێرخانی مووشه‌كی زه‌وی بۆ ئاسمان له سوریا، "، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری زیاتر بخاته‌ڕوو.
سوپای ئیسرائیل له پۆستێكیدا له پلاتفۆڕمی "X" ده‌ڵێت: "به‌رده‌وام ده‌بین له ئۆپه‌راسیۆنه‌كان" بۆ به‌رگریكردن له‌و كه‌سانه‌ی كه به "هاوڵاتی مه‌ده‌نی ئیسرائیلی" وه‌سفی كردن.
لای خۆیه‌وه ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی سوریا "سانا" بڵاویكرده‌وه كه له هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر دیمه‌شق و لادێكانی، كه‌سێك كوژراوه و 4 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
سه‌رچاوه‌كانی كه‌ناڵه‌كانی "ئه‌لعه‌ره‌بیه" و "ئه‌لحه‌ده‌س"ی سعودی رایانگه‌یاندووه كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل هێرشیان كرده‌سه‌ر فه‌وجی 41 له نزیك نه‌خۆشخانه‌ی حه‌ره‌ستا له باكووری رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا، هه‌روه‌ك ده‌وروبه‌ری گه‌ڕه‌كی به‌رزه‌یان له باكوری دیمه‌شق بۆردوومان كرد.
هاوكات باره‌گایه‌كیان له فیرقه‌ی یه‌كه‌می سه‌ر به رژێمی پێشوو كرده ئامانج و هێرشیان كرده‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری شاری حه‌ما له ناوه‌ڕاستی سوریا، هێرشی ئاسمانیشیان كرده‌سه‌ر پێگه سه‌ربازییه‌كان له ناوچه‌ی جه‌به‌ل ئه‌لشه‌عره له پارێزگای لازقیه.
هێزی ئاسمانی ئیسرائیل چوار هێرشی بۆ سه‌ر ئامانجه‌كان له حه‌ره‌ستا له لادێكانی دیمه‌شق ئه‌نجامدا.
په‌یامنێری "ئه‌لعه‌ره‌بیه" راشیگه‌یاند كه ئیسرائیل ناوچه‌یه‌كی نزیك چیای قاسون له دیمه‌شقی بۆردوومان كرد.
هه‌ر شه‌وی رابردوو سوپای ئیسرائیل كه‌تیبه‌ی موشه‌كه‌كانیان له باكووری درعا كرده ئامانج.
سه‌رچاوه‌كانی "ئه‌لعه‌ره‌بیه" پشتڕاستیان كردۆته‌وه كه هێزی ئاسمانی ئیسرائیل فه‌وجی 175ی كردۆته ئامانج كه ده‌كه‌وێته نزیك ئه‌زرع، هه‌روه‌ها فه‌وجی به‌رگری ئاسمانی له باكووری شاری ئه‌زرع له لادێكانی رۆژهه‌ڵاتی درعا كرده ئامانج.
ئه‌و سه‌رچاوانه رایانگه‌یاندووه كه پۆلێك فڕۆكه‌ی ئیسرائیل چوونه ئاسمانی سوریا و به‌سه‌ر شاره‌كانی دیمه‌شق، درعا، حومس و حه‌ما سوڕانه‌وه و ئه‌و ئامانجانه‌یان بۆردوومان كرد كه پێشتر دیاری‌یان كردبوو..
به‌گوێره‌ی ئاژانسی "تاس"ی روسی، فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی سه‌ر به هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێكی بۆ سه‌ر ئامانجه زه‌مینییه‌كانی نزیك شاری سوه‌یدا له باشووری سوریا ده‌ستپێكردووه و به‌هۆیه‌وه لانیكه‌م 3 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه.
سه‌رچاوه ناوخۆییه‌كان باسیان له‌وه كردووه كه هێرشه‌كه یه‌كه‌كانی هێزه ئه‌منییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی نوێی سوریای كردۆته ئامانج، كه له ناوچه‌ی كه‌ناكر جێگیر بوون و به‌شدارییان له ئۆپه‌راسیۆنێكدا كردووه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ پارێزگای سوه‌یدای باشوور كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی دروزن، دوای ئه‌و پێكدادانانه‌ی له پارێزگاكه‌دا رووی دا.
پێشتر ده‌سته‌ی په‌خشی ئیسرائیل رایگه‌یاندبوو كه ئیسرائیل ئامانجی زیاده ئاماده ده‌كات بۆ هێرشكردنه سه‌ریان له سوریا و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئیسرائیل ئامانجی سه‌ربازی و ئه‌وانی دیكه‌ی سه‌ر به "ڕژێمی سوریا"ی ده‌ستنیشانكردووه بۆ بۆردوومانكردنیان.
به‌ره‌به‌یانی دوێنێ هه‌ینی بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند كه سوپای وڵاته‌كه‌ی هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ئامانجێك له نزیك كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی سوریا له دیمه‌شق.
ناتانیاهۆ له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كاتس وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل وتی: "شه‌وی ڕابردوو (شه‌وی پێنجشه‌ممه) ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی له نزیك كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی له دیمه‌شق ئه‌نجام دا".
وتیشی: "ئه‌مه په‌یامێكی روونه بۆ رژێمی سوریا، رێگه ناده‌ین هێزه‌كانی سوریا له باشووری دیمه‌شق بڵاوببنه‌وه و هیچ مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر دروزه‌كان دروست بكه‌ن".
AM:09:18:03/05/2025
ئه‌م بابه‌ته 252
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت