تا دێت ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بەرزدەبێتەوە
وێستگەنیوز_
بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی لە کەرتی غەززە بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا 29 کەس کوژران.
ئەمرۆ هەینی 2ی ئایاری 2025 محەممەد موغەیر، بەرپرس لە بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، ئەمڕۆ ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا 29 کەس کوژران کە نۆیان لە کەمپی بریجی ناوەڕاستی کەرتی غەززە، شەشیان لە باکووری بەیت لەهیا، شەشیان لە شاری غەززە و هەشتەکەی دیکەش لە ناوچەکانی دیکە بوون.
7ی تشرینی یەکەمی 2023 جەنگی حەماس و ئیسرائیل بە هێرشی بزووتنەوەکە بۆسەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد. دواتر، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە رۆژی 15ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هەردوولا ئاگربەستیان راگەیاند کە تاوەکو 2ی ئادار بەردەوام بوو. ئەوکات ئیسرائیل و حەماس نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ درێژەدان بە ئاگربەستەکە و ئیسرائیلیش رێگەی لە گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە گرت. رۆژی 18ی ئادار، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنەوەی کەرتی غەززە کردەوە.
ئامارەکانی غەززە دەڵێن: لە تشرینی یەکەمی 2023ەوە 52 هەزار و 418 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون کە دوو هەزار و 326یان لە 18ی ئاداری ئەم ساڵەوە بوون.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل دەڵێت: "هەزار و 218 هاوڵاتی کوژراون و 251 کەسیش بە بارمتە گیراون کە 58یان لە غەززە ماون و 34یان مردوون."
PM:08:36:02/05/2025
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت