لوبنان: هەموو هەوڵێک دەدەین تا هیچ گروپێک نەتوانێت خاکەکەمان بۆ بەکاربهێنێت


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ هەینی 2ـی ئایاری 2025، جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای بەرگریی وڵاتەکەی کرد، کە سەرۆک وەزیران، وەزیرانی دارایی، بەرگری، ئابووری، کاروباری دەرەوە، داد و ناوخۆ، هەروەها فەرماندەکانی خزمەتگوزارییە ئەمنی، سەربازییەکان، بەرپرسانی دیکەی ئەمنی و دادوەری ئامادەی بوون.

دواتر ئەنجومەنی باڵای بەرگریی لوبنان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، جەختی لەسەر پێویستی ڕێگەنەدان بە حەماس یان هەر گرووپێکی دیکەی چەکداریی کردەوە لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکە. 

ئاماژەی بەوەشداوە، "سەقامگیری ئەمنی و یەکپارچەیی خاکی لوبنان لە پێش هەموو شتێکدایە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەنجومەنی باڵای بەرگری ڕاسپاردەیەک پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکە دەکات، تا لەو ڕێگەیەوە هۆشداریی بە حەماس بدرێت لە بەکارهێنانی خاکی لوبنان.

هاوکات، "زۆرترین ڕێوشوێن و ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی هیچ گروپ و لایەنێک نەتوانێت سەروەریی خاکی لوبنان پێشێل بکات و ئاسایشەکەی بخاتە ژێر مەترسییەوە."


PM:08:04:02/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت