عەباس عێراقچی: لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆمان لەگەڵ ئەمریکا رازین


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، شەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکە لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکانی ئەمڕۆ لە چاو دانوستانەکانی رابردوو جددیتر بوو.


ئەمڕۆ شەممە 26ی نیسانی 2025، دوای کۆتایی هاتنی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانی رایگەیاند، "گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە چاو گەڕەکانی پێشووتر جددیتر بوو، ئێمەش قووڵ بووینەوە لە وردەکارییە تەکنیکییەکان".

ئەوەشی خستەڕوو، "لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆ رازی بووین، بەڵام تا ئێستا ناكۆكی له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی ئێرانی و ئه‌مریكی هه‌یه‌".

لەبارەی دانوستانی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، "شەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەڕێوە دەچێت، بەڵام عومان ئەم جارە شوێنەکە دیاریی دەکات".

وتیشی، "هەردوو لایەن ئیرادەی خۆیان بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکان پیشان داوە، بەڵام هەندێک جار ئیرادە بەس نییە بۆ رێککەوتن، رەنگە ناکۆکییەکان ئەوەندە قووڵ بن کە نەتوانین رێکبکەوین".

عێراقچی ئەوەشی خستەڕوو، "کاتێک ئێمە سەردەکەوین کە هەردوولا بە بەشێک لە ویستەکانیان بگەن و بگەنە ئاستێک لە رەزامەندی، بەڵام ئەمە شتێکی دژوارە و کاتی دەوێت".

باسی لەوەشکرد، "کەشێکی باش زاڵە و ئیرادەی رێککەوتن لە هەردوولاوە هەیە. بەڵام ئاخۆ دەتوانین بگەینە رێککەوتن یان نا؟. من هیوادارم بتوانین رێکبکەوین".


PM:06:51:26/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت