بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک مۆسکۆ جەنەراڵێکی رووسی گیانی لەدەستدا
وێستگەنیوز_ AFP
لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکدا لە نزیک مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، جەنەراڵێکی رووسی گیانی لەدەستدا. بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نیشتیمانی تایبەتی ئەو وڵاتە، تەقینەوەکە لە رێگەی نارجۆکی دەستی لە جۆری ڕووسی ئەنجامدراوە.
لەپاش رووداوەکە، لایەنە ئەمنییەکانی رووسیا لێکۆڵینەوەی چڕیان دەستپێکردووە و راستەوخۆ دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا وەک بکەری رووداوەکە تۆمەتبار کرا. دەزگای ئاسایشی رووسیا دەڵێت: لە پاش دەستپێکردنی جەنگی نێوانیان، ئۆکرانیا چەندین بەرپرسی باڵا و پلەداری سەربازی وڵاتەکەیانی کردووەتە ئامانج.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "بەڵگەی زۆر هەیە دەیسەلمێنێت کە هەواڵگری ئۆکرانیا دەستی لەم تاوانەدا هەبووە".
لیژنەی لێکۆڵینەوەی نیشتمانی ڕووسیا ناسنامەی قوربانییەکەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت ناوی 'جەنەڕاڵ یارۆسلاڤ مۆسکالیک'ـە و جێگری سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەرەکییەکانی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی رووسیا بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەقینەوەکە لە شارۆچکەی باڵەشیخا کە چەند کیلۆمەترێک لە ڕۆژهەڵاتی پایتەختی ڕووسیا دوورە، ڕوویداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە "تەقینەوەکە لە ئەنجامی نارنجۆکێکی ناوخۆیی دروستکراوی و پڕ لە ووردە ئاسن و ماددەی بڕەڕ ڕوویداوە".
هەروەها ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە ئۆتۆمبێلێکی تەواو سووتاوە و لێکۆڵەران لە دەرەوەی دەرگای پێشەوەی بیناکەدا دەوری شتێکی شاراوەیان داوە کە پێدەچێت تەرمی قوربانییەکە بێت.
لە گرتە ڤیدیۆییەکانی سی سی تی ڤی کە لەلایەن دەزگای میدیایی ئیزڤێستیای ڕووسییەوە بڵاوکراونەتەوە، تەقینەوەیەکی گەورە لە کاتی نزیکبوونەوەی کەسێک لە ئۆتۆمبێلێک روودەدات.
بەگوێرەی ماڵپەڕی کرێملین، لە ساڵی 2015ـدا، یارۆسلاڤ مۆسکالیک، وەک نوێنەری ئەرکانی گشتیی ڕووسیا لە گفتوگۆکان سەبارەت بە شەڕی چەکداری لە ئۆکرانیا بەشداری کردووە.
بەپێی ماڵپەڕی لێکۆڵینەوەی ڕووسی، مۆسکالیک ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنە گشتییەکان بووە و بەرپرسی سەرەکییە لە پلاندانانی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئۆکرانیادا.
لە ساڵی 2022ـەوە کیێڤ تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کەسایەتی و بەرپرسە سەربازییەکانی ڕووسیا، چ لە ناوخۆی ڕووسیا و چ لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا لەلایەن مۆسکۆوە.
بۆ بینینی ڤیدیۆی شوێنی رووداوەکە و تەرمی کوژراوەکە،
کلیک بکە
PM:09:30:25/04/2025
ئهم بابهته 152
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت