ئوردن چالاكییه‌كانی ئیخوان موسلیمینی قه‌ده‌غه كرد و نووسینگه‌كانی داده‌خات
مازن ئه‌لفرایه وه‌زیری ناوخۆی ئوردن
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه مازن ئه‌لفرایه وه‌زیری ناوخۆی ئوردن رایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی بڕیاریداوه هه‌موو چالاكییه‌كانی گرووپی ئیخوان موسلیمینی "هه‌ڵوه‌شاوه" قه‌ده‌غه بكات، هه‌روه‌ها ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و ماڵه گوزراوه و نه‌گوازراوه‌كانیدا بگرێت و سه‌رجه‌م نووسینگه‌كانیشی له سه‌رانسه‌ری ئوردن دابخات.
وه‌زیری ناوخۆی ئوردن له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی: "لێكۆڵینه‌وه‌كان تێوه‌گلانی ئه‌ندامانی گروپه هه‌ڵوه‌شاوه‌كه‌یان سه‌لماندووه له‌و چالاكییانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی نیشتمانی ده‌كه‌ن و ژیانی هاوڵاتیان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه به‌رده‌وامبوونی چالاكییه‌كانی ئه‌م گروپه مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هاوڵاتیان دروست ده‌كات.
باسی له‌وه‌شكرد كه ئه‌و شه‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كانی پلانه تیرۆریستییه‌كه‌ی راگه‌یاند، گرووپی ئیخوان موسلمین بڕێكی زۆر به‌ڵگه‌نامه‌ی له باره‌گاكانیه‌وه برده‌ده‌ره‌وه و له‌ناوی بردن بۆ شاردنه‌وه‌ی چالاكی و په‌یوه‌ندییه گوماناوییه‌كانی.
وه‌زیری ناوخۆی ئوردن راشیگه‌یاند كه به پشتبه‌ستن به ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان، بڕیار دراوه هه‌موو چالاكییه‌كانی ئیخوان موسلیمینی هه‌ڵوه‌شاوه قه‌ده‌غه بكرێت و ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و ماڵی گوازراوه و نه‌گوازراوه‌یاندا بگیرێت و هه‌موو نووسینگه‌كانی له سه‌رانسه‌ری وڵات دابخرێت.
جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه به یاسا بره‌ودان و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌كانی گروپه‌كه قه‌ده‌غه ده‌كات، ئه‌مه جگه له قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌ندامێتی له‌و گروپه‌دا یان مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت و هه‌ر كه‌سێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات، ڕێوشوێنی یاسایی پێویست دژی ده‌گیرێته‌به‌ر.
PM:04:34:23/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 220
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت