به‌رپرسێكی حه‌ماس: ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانمان قه‌ته‌ر به‌جێبهێڵن رووده‌كه‌نه ئوردن
وێستگه نیوز-
ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه 29ی نیسانی 2024، مو‌سا ئه‌بو مه‌رزوق، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، رایگه‌یاند له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌كه قه‌ته‌ریان به‌جێهێشت، رووده‌كه‌نه ئوردن.
ئه‌بو مه‌رزوق له لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی ئێران، باس له‌و "ده‌نگۆیانه" ده‌كات كه ده‌ڵێن گوایه سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس، ده‌ڕۆن بۆ عێراق یان سوریا یا توركیا و رایگه‌یاند: "هه‌مو ئه‌و هه‌را میدیاییه، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه فشار له قه‌ته‌رییه‌كان بكه‌ن" و "ئه‌رده‌نییه‌كان گه‌لێكی میواندۆست و به‌خشنده‌ن و لایه‌نگری مقاوه‌مه‌ی فه‌له‌ستینن، ئێمه په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ئوردن هه‌یه".
هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، باسی شه‌ڕه‌كه‌ی كه‌رتی غه‌ززه‌ی ده‌كات كه ماوه‌ی شه‌ش مانگه به‌رده‌وامه و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی له كه‌رتی غه‌ززه و له ئاینده‌ی غه‌ززه بڕیارده‌دات، حه‌ماسه. هیچ مه‌عقول نییه ئیسرائیل 300 هه‌زار سه‌رباز بێنێته ناو غه‌ززه و سه‌ركه‌وتووش نه‌بێت، كه‌چی دوای ئه‌وه هه‌ر لایه‌نێكی دیكه بێت و قسه‌ی كۆتایی له كه‌رتی غه‌ززه بۆ ئه‌و بگه‌ڕێته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ئه‌مریكا ده‌توانێت ئه‌م شه‌ڕه راگرێت، هه‌روه‌ها میسریش ده‌توانێت شه‌ڕه‌كه راگرێت. به‌ڵام به وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی كرده‌یی هه‌ڵوێستی كرده‌ییمان ده‌وێت".
ئه‌بو مه‌رزوق داوا له ئه‌رده‌ن و میسر ده‌كات، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بپچڕێنن و باڵیۆز‌ی ئیسرائیل ده‌ربكه‌ن و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه: "هه‌ڵوێستی له‌و قه‌باره‌یه، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی سه‌ر ره‌فه‌ح راده‌گرێت".
PM:06:30:29/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 1532
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت