سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پۆستەکەی لادرا

‌کێڤن مکارتی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ لە پۆستەکەی لادرا. وێنە: AFP

وێستگه‌نیوزـ

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ، کێڤن مکارتی، سەرۆکی ئەنجومەنەکەی لە پۆستەکەی لابرد.

 
رۆژی سێشەممە 3ی تشرینی یه‌كه‌می 2023، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داواکارییەکی خستە دەنگدانەوە کە لەلایەن مات گێتس، ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە بەرزکرابووەوە.
 
بەگوێرەی ئەنجامی دەنگدانەکە، لەکۆی 427 ئەندامی ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، 216 ئەندام دەنگیان بە لابردنی مکارتی دا و 210 ئەندامیش دەنگیان بە ‌مانەوەی لە پۆستەکەی دا.
 
ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوای ئەوە هات، مکارتی رۆژی 30ـی ئەیلولی 2023، یارمەتیدەری پەسه‌ندکردنی پڕۆژە یاسایەک بوو بۆ بەردەوامبوونی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ ماوەی 45 رۆژ کە دیموکراتەکان پاڵپشتییان دەکرد و ئەوەش گرووپی راستڕۆکانی ناو کۆمارییەکانی تووڕە کرد.
 
ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا پارتێک دەنگ لەسەر لابردنی سەرۆکی ئەنجومەنەکە دەدات کە سەر بە هەمان پارت بێت.
 
پاتریک ماکهێنری، نوێنەری ویلایەتی کارۆلاینای باکوور لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی شوێنی مکارتی دەگرێتەوە، تا ئەو کاتەی کۆمارییەکان سەرۆکێکی هەمیشەیی نوێ بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دیاری دەکەن.


AM:09:05:04/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت