وەزارەتی دەرەوەی ئێران: چاودێری جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی دەكەین
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
وێستگهنیوزـ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چاودێری جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران دەكەن، بە وتەی ناسر كەنعانی، شاندێکیان سەردانی عێراقی كردووە، بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆی لەسەر چۆنییەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە ئامادە بكات، دەشڵێت: "لایەنی عێراقی پابەندی خۆی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەربڕیوە".
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: "سەبارەت بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی ئێرانی كردووە، لایەنی عێراقی و ھەرێمی كوردستان پابەندی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەڕبریوە، هەروەها شاندێكی ئێرانی سەردانی عێراقی كردووە، بۆ ئەوەی چاودێری چۆنییەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات".
وتیشی: "دوای راپۆرتی شاندەكەمان قسەی دیكەمان دەبێت، بەڵام لایەنی عێراقی دەڵێ، گرووپە چەكدارەكان لە سنوور دوورخراونەتەوەو بۆ قوڵایی خاكی عێراق گواستراونەتەوە و ئێمەش چاودێری دۆخەكە دەكەین".
لە 19ی ئازاری 2023، بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژۆ کرا کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بە نوێنەرایەتی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە نوێنەرایەتیی ئێران واژۆیان کرد، دوو خاڵی نێو رێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتن بە چەککردنی لایەنە دژبەرەکانی ئێران، ھەروەھا کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
رۆژی 19ی مانگی ئەیلولی 2023، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنی ھاوبەشی عێراق و ئێران رایگەیاند، کە بارەگاکانی حزبە دژبەرەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران چۆڵ کراون و ھێزی پاسەوانی سنووری عێراق لەو ناوچانە جێگیرکراون.
PM:02:14:02/10/2023
ئهم بابهته 1528
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت