ئەڵمانیا: زیاتر لە حەوت هەزار پەنابەرمان ناردووەتەوە بۆ وڵاتەکانیان


وێستگه‌نیوزـ

حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023ـدا زیاتر لە حەوت هەزار پەنابەر لە ئەڵمانیاوە نێردراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان و زۆرترین ئەو پەنابەرانەش هەڵگری رەگەزنامەی جۆرجی بوون.


حکومەتی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوێکیدا بڵاویکردەوە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا حەوت هەزار و 861 پەنابەر لە ئەڵمانیا نێردراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسانەی رەگەزنامەی جۆرجیایان هەیە لە پلەی یەکەمدان کە ژمارەیان 705 کەسە و دواتر خەڵکی باکووری مەکدۆنیا لە پلەی دوەمدان بە 665 کەس و ئەفغانییەکان لە پلەی سێهەم دێن کە ژمارەیان 659 کەسە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەزار و 664 ژن و هەزار و 375 منداڵ لە نێو ئەو کەسانەدا بوون کە ئەڵمانیا مافی پەنابەریی پێ نەداون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی رابردوودا وڵاتی سوید 26 هاووڵاتیی عێراقی ناردەوە بۆ وڵاتەکەیان و حکومەتی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، لە ماوەی 11 ساڵدا ئەوە یەکەم جارە وڵاتی سوید هاووڵاتییانی عێراقی بگەڕێنێتەوە و مافی پەنابەرییان پێ نەدات.

ناردنەوەی پەنابەران لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە لە کاتێکدایە، بە هۆی لێشاوی کۆچبەرانەوە وڵاتانی ئەوروپا رووبەڕووی گرفت بوونەتەوە، بەهۆیەوە چەندین وڵاتی ئەوروپی، بە تایبەت ئیتاڵیا و ئەڵمانیا رێوشوێنی نوێیان بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکانیان گرتوەتەبەر.


AM:08:57:02/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 1636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو