مالیکی: دەستوور رێگری ناکات لە بوونی سوپای عێراق لە هەرێمی کوردستان
وێستگەنیوز- ئارام عەلی
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی
یاسا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئافاق) رایگەیاند، دەستوور رێگری ناکات
لەوەی سوپای عێراق لە هەرێمی کوردستان بوونی هەبێت، هاوکات جەختی کردەوە، بەرهەمی
نەوتی هەرێم بە هەر جۆرە گرێبەستێک بێت، دەبێت بچێتە ناو بودجەی دەوڵەتەوە و لە
بەرامبەردا پشکی هەرێم بەپێی رێژەی دانیشتووان بدرێت.
مالیکی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی
بەوەدا، نامەوێت سوپا بنێرین بۆ هەرێمی کوردستان و داگیری بکات، بەڵکو دەیانەوێت
سنوورەکان بپارێزن، روونیشی کردەوە، ئاسایشی سنوور و دەروازە سنوورییەکان بەرپرسیارێتییەکی
فیدراڵییە و مەترسی لەسەر هەرێم دروست ناکات.
وتیشی، رێگەنادەن ناوەند مافەکانی هەرێم
پێشێل بکات و رێگەش نادەن هەرێم سنووری فیدراڵی تێپەڕێنێت، ئاشکراشی کرد کە
چارەسەری کۆتایی ناکۆکی لەگەڵ هەرێم بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز دەست پێدەکات،
لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی تەواوی هەنگاوەکانی حکومەت دەکات.
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و گرێبەستەکان،
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتی جارێک بە یەکێک لە بەرپرسە کوردەکانی وتووە،
بۆچی گرێبەست دەکەن کە جیاوازە لەو گرێبەستانەی وەزارەتی نەوت ئەنجامیان دەدات، لە
کاتێکدا لە رووی دەستوورییەوە پابەندن نەوتەکە بهێنن و رادەستی بودجەی بکەن، وە
پرسی چیتان داوە لەم کێشەیە و پێی باش بووە نەوتەکە هەبێت و رێککەوتنەکان بەپێی
هەمان ئەو رێکارانە بن کە حکومەتی ناوەندی پشتیان پێ دەبەستێت.
مالیکی وتیشی، ئەوەی روویدا سەبارەت بە
بەدواداچوونی پرۆسەی بەقاچاخبردن دۆسیەیەکی گەورەیە و بەڕاستی شەقامی عێراقی
هەژاند، وە خەڵک پێی خۆشحاڵ بوون چونکە بەدواداچوون بوو بۆ ئەوانەی زێدەڕۆیییان
کردووەتە سەر سامانەکەیان، روونیشی کردەوە، دزیی نەوت لە زیاتر لە ناوچەیەک و لە
زیاتر لە پارێزگایەک بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
لە کۆتاییدا مالیکی جیاوازیی نێوان دۆخی
پارێزگاکان و هەرێمی کوردستانی لەم بابەتەدا خستەڕوو و گوتی لە پارێزگاکان پرۆسەکە
دزییە لە رێگەی کونکردنی بۆرییەکانەوە لە زیاتر لە شوێنێک، بەڵام لە هەرێمی
کوردستان گرێبەست و کۆمپانیا و بیرە نەوت هەن کە ماف و ئەرکیان لەسەرە و بابەتێکی
گەورە و جیاوازە کە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتە.
PM:11:34:29/11/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت